بارزانی و شاندێكی ئیمارات جەخت لەپەیوەندییەکانی نێوانیان کردەوە

3 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێكی دەوڵەتی ئیمارات کرد و سوپاسی حکوومەت و خەڵک و سەرکردایەتیی ئیماراتی کرد کە هەمیشە لەڕێی ڕێكخراوە مرۆییەكان هاوكار و پاڵپشتی هەرێم بوونە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ـی ئەیلوولی 2025، لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی ، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان پێشوازی لە شاندێكی دەوڵەتی ئیمارات بە سەرۆكایەتیی سەعید موبارەك ئەلهاجری وەزیری دەوڵەت و نێردەی تایبەتی ئیمارات بۆ كاروباری ئابووری بۆ هەرێمی كوردستان كرد.
بارەگای بارزانی بڵاویکردووەتەوە، دیدارەكەدا شاندی میوان وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان بۆ سەردانیان بۆ هەرێمی كوردستان و دیدار لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی، جەختیان لە دۆستایەتی و هەڵوێستی سەركردایەتیی ئیمارات لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان كرد و سڵاوی حاكمی ئیمارات و سەركردایەتیی وڵاتەكەیان بە بارزانی گەیاند.
هەروەها سوپاس و پێزانینیان هەبوو بۆ دیدار و كۆبوونەوەكانیان لە هەرێم و ئەو دەرفەتانەی كە خراونەتە بەریان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی ئابووری و بوارەكانی تر لە ئێستا و لە داهاتوو.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، سەرۆک مەسعود بارزانی سوپاسی حكومەت و خەڵك و سەركردایەتیی ئیماراتی كرد، هەمیشە لەڕێی ڕێكخراوە مرۆییەكان هاوكار و پاڵپشتی هەرێم بوونە بە تایبەت لەكاتی هاتنی سەدان هەزار ئاوارە بۆ هەرێمی كوردستان و هەروەها سەرۆك بارزانی پێشوازی لە پتەوتركردنی دۆستایەتی و پەیوەندییەكانی هەردوولا كرد.
باس لەوەش کراوە، لە دیدارەکە دا، بارودۆخی ناوچەكە بە گشتیی تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارە بوو.
