پێشەوا هەورامی: هەرێم بە یاسا داهات ڕادەست دەکات

3 كاتژمێر لەمەوپێش



پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، حکومەتی هەرێمى کوردستان پابەندە بە رادەستکردنی داهاتەکان، بەڵام ئەمە دەبێت بەگوێرەی یاسای بودجە و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی بێت، نەک بە حەز و ویستی کەسی.

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکرد، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، داوای 100%ی سەرجەم داهاتەکان دەکات، کە ئەمەش پێچەوانەی یاساکانە.

پێشەوا هەورامانی لەچاوپێکەوتنێکى ڕۆژنامەوانیدا، روونیکردەوە، بەگوێرەی ماددەی 29ـی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، داهاتەکانی باج 50% و گومرگ 50% دەبێت. لەبارەى رسوماتەکانیش، ئەو رسوماتانەی بەگوێرەی یاسای هەرێم دیاریکراون، 100%ـیان بۆ هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە و ئەو رسوماتانەش کە سەربە عێراق دیاریکراون، 50%ـیان بۆ حکومەتی فیدڕاڵ دەگەڕێتەوە.

گوتەبێژی حکومەتی هەرێم، جەختی لەوە کردەوە، حکومەتی هەرێم ئامادەیە داهات بەم شێوازە رادەست بکات، چونکە ئەمە یاساکەیە.

پێشەوا هەورامانی نیگەرانی خۆی دەربڕی لەبارەی لێدوانەکانی ئەم دواییەی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق. هەورامانی گوتی: "لەمدواییەدا تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق دەڵێت '100% سەرجەم داهاتەکانم دەوێت' واتە نایەوێت بە یاسا داهات وەربگیرێت، بەڵکو بە حەز و میزاجی کەسی."

هەورامانی، ئەوەشى خستەڕوو، ئەوەی لەسەر شانی حکومەتی هەرێم بووە بۆ رادەستکردنی داهاتی نانەوتی بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، جێبەجێکراوە. داواشی لە حکومەتی عێراق کرد، لەگەڵ جێبەجێکردنی یاسادا بێت، نەوەک پەیڕەوکردنی "میزاجی کەسی و نیەتی سیاسی".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار