توركیا ناوچەیەكی فراوان داگیر دەكات

توركیا گەورەترین سەربازگە لەهەرێمی كوردستاندا دروستدەكات

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هەڵۆ سەربەست

توركیا بەفەرمی رایگەیاند كە گەورەترین سەربازگە (ناوچەی ئارام) لەهەرێمی كوردستاندا دروستدەكەن ئەوەش لەپێناو رێگری لەگەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان.

دوای دووڕۆژ لەبڵاوبوونەوەی هەواڵی دروستكردنی سەربازگەیەكی نوێ لەهەرێم،  یەكشەممە دووی ئایاری 2021 خڵوسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا بەیاوەریی سەرۆكی ئەركانی گشتی و فەرماندەی هێزی پیادە سەردانی یەكێك لەسەربازگەكانی وڵاتەكەی كرد لەشرناخ هاوسنور لەگەڵ هەرێمی كوردستان.

رۆژی هەینی رابردووش میدیا توركییەكان بڵاویانكردەوە كە سلێمان سۆیلۆ وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە، لەكۆبونەوەیەكی داخراوی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاكەپە)دا وتوویەتی، ئەنقەرە لەپرۆسە سەربازییەكانی لەسەر سنورەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوامدەبێت و بەرەوپێش دەڕوات.

هاوكات جەختی لەگرنگییە ستراتیجییەكەی ناوچەی مەتینای پارێزگای دهۆك كردووەتەوە و وتوویەتی:»وەك ئەوەی لەسوریا كردمان، سەربازگە دروستدەكەین و كۆنترۆڵی ناوچەكە دەكەین، ئەو ناوچەیە ڕێگای قەندیلە، بۆیە كۆنترۆڵی ئەو هێڵە دەكەین»

لەوبارەیەوە لیوای خانەنشینی عێراقی ماجد ئەلقوبەیسی بەماڵپەڕی حوڕەی راگەیاند:»حكومەتی توركیا خەریكی فراوانكردنی پێگەیەكی سەربازییە لە ناوچەی مەتینا تا ببێتە گەورەترین سەربازگەو چەقی چالاكییەكانی دژی پەكەكە لەناو عێراقدا».

قوبەیسی راشیگەیاند سەبازگە نوێیەكە ئاسانكارییەكی زۆر بۆ پرۆسەكانی توركیا دەكات لەوانە دابینكردنی شوێنی نیشتنەوەی هەلیكۆپتەرو ناوچەی دابڕێندراو بۆ ڕێگریكردن لەجموجوڵ و هاتوچۆی پەكەكە لەنێوان عێراق و سوریا، هاوكات لەنێوان قەندیل و دهۆكدا.

بەپێی زانیارییەكانی قوبەیسی، توركیا (37) پێگەی سەربازیی هەیە لەهەرێمی كوردستان و باكوری عێراقدا، كەهەندێكیان بنكەن و هەندێكیان سەربازگەن و دەشڵێت:» ئەو پێگە سەربازییانە نزیكن لەهەولێر و سۆران، ئەوە جگە لەسەربازگە گەورەكەی باشیك كەنزیكەی (80) كیلۆمەتر لە سنورو (40) كیلۆمەتر لەباكوری رۆژهەڵاتی موسڵ دوورە».

پێگەكانی توركیا بەقوڵایی (10 تا 80) كیلۆمەتر هاتوونەتە ناو خاكی عێراقەوەو لەناوچەكانی زاخۆو خواكوڕكیش پێگەی هەیەو چوار سەنتەری ئەمنیشی لەناوچەكانی كوخی و زاخۆو بامەڕنی و ئامێدی هەیەو سەرجەمی ئەوانە بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی عێراق دروستكراون.

 لەو چوارچێوەیەدا شارەزای ستراتیجی توركیی، جەواد غۆك، بەدوری دەزانێت توركیا رەزامەندیی عێراق وەربگرێت بۆ سەربازگە نوێیەكەی و وتی:

«حكومەتی توركیا گرنگیی بەڕەزامەندیی حكومەتی عێراق نادات، بەڵكو یاسای نێودەوڵەتی جێبەجێدەكات بەبەرگریكردن لەئاسایشەكەی، لە تاقیكردەوەكانی پێشوتریشماندا رەزامەندیمان وەرنەگرتووە بۆ دروستكردنی سەربازگەی باشیك یان پێگەكانی ناوچەكانی تر»

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار