ئاڵای ئەمریكا ئەستێرەیەك زیاد دەكات
سەرەڕای رەخنەی كۆمارییەكان، بەدەنگی دیموكراتەكان واشنگتۆنی پایتەخت دەبێتە ویلایەتی 51
4 ساڵ لەمەوپێش
هەڵۆ سەربەست
دوای دەیان ساڵ لەهەوڵدان بۆ ئەوەی نوێنەری كۆنگرێس و ئەنجومەنی پیرانیان هەبێت، ساڵی رابردوو لەگەڵ سەركەوتنی دیموكراتەكاندا لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و كۆنگرێس و سیناتۆرەكان، هیواكانی واشینگتۆنی پایتەخت (هەرێمی كۆڵۆمبیا) بۆ بوونە ویلایەتێكی سەربەخۆ زیندوبووەوە.
مانگی شوباتی ئەمساڵ كوتلەی دیموكراتەكان كردیانە پرۆژە بڕیارێك و رۆژی 22ی ئەم مانگەش یاساكە لەكۆنگرێس رەزامەندی وەرگرت و ئێستا چاوەڕێی دەنگی سیناتۆرەكانە، ئەوەش پاش (61) ساڵ دێت كەویلایەتێكی دیكە بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا زیاد بكرێت.
لەسەرەتای دەركردنی دەستوری ئەمریكاوە، بەهۆی بڕگەی هەشت لەماددەی یەكەمی دەستوری وڵاتەكەوە كەدەڵێت «كۆنگرێس بەرپرس دەبێت لەبارەگای حكومەت، كەهەرێمێك دەبێت لە (10)میل دووجا (نزیكەی 26 كیلۆمەتر دووجا) زیاتر نەبێت» و نابێت بازنەیەكی هەڵبژاردن بێت، ئەو ناوچەیە وەك هەرێمێك ماوەتەوەو نەبووەتە ویلایەت.
ئەگەرچی هەمواری ساڵی 1961ی دەستور، رێگای پێدان بەشداربن لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا، بەڵام وێڕای زۆریی ژمارەی دانیشتوانی، ناتوانێت لەئەنجومەنی پیران سیناتۆری هەبێت و لەكۆنگرێسیش تەنیا نوێنەرێكی هەیە كەمافی دەنگدانی نییە.
هەر بۆیە دەیان ساڵە دانیشتوان و سیاسەتمەدارانی پایتەخت لەهەوڵی ئەوەدان ببنە ویلایەتێكی سەربەخۆ تا بەوتەی خۆیان «بەشداربن لە پرۆسەی دیموكراسیی وڵاتەكەیانداو لەدەركردنی یاساكاندا دەنگیان هەبێت».
شاری واشینگتۆن Washington بەشێكە لە هەرێمی كۆڵۆمبیاو ویلایەت نییە، هەربۆیە بە واشینگتۆن دی سی Washington D. C ناسراوە، پیتەكانی D.C كورتكراوەی هەرێمی كۆڵۆمبیایە District of Columbia.
ساڵی رابردوو وەك بەشێك لەهەڵمەتی هەڵبژاردن، دیموكراتەكان ئەو بابەتەیان بەجددی وەرگرت و باسیان كرد، بەڵام دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكا، لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی نیویۆرك پۆست بەتوندی ئەو پێشنیارەی رەتكردەوە و وتی:»پایتەخت هەرگیز نابێتە ویلایەت، تۆ مەبەستت لەهەرێمی كۆڵۆمبیایە ببێتە ویلایەت؟ بۆ؟ بۆ ئەوەی دوو سیناتۆرو پێنج كۆنگرێسمانی دیموكرات زیادبكەن؟ نا، زۆر سوپاس، ئەوە هەرگیز روونادات.»
ئەو لێدوانەی ترەمپ دەریدەخات، هۆكاری سەرەكیی بوون و نەبوونی ویلایەتەكە سیاسییە، چونكە زۆرینەی دەنگدەرانی ئەو هەرێمە دیموكراتن و تائێستا تەنیا یەك جار روویداوە رێژەی دەنگدانیان بۆ كاندیدێكی سەرۆكایەتی لەكۆمارییەكان 20٪ تێبپەڕێنێت و لەدوا هەڵبژاردنیشدا بەڕێژەی 95% دەنگیان بە جۆو بایدن دا. بۆیە رەتكردنەوەی كۆمارییەكان و سوربوونی دیموكراتەكان لەسەری، بەڕادەیەكی زۆر پەیوەندی بەوەوە هەیە.
لەهەمان كاتدا دانیشتوانی هەرێمەكەو دیموكراتەكانیش لەگەڵیان، باس لەئەوە دەكەن لەئێستادا دانیشتوانی ئەو هەرێمە، زیاتر لە (700) هەزار كەسن، ئەوەش لە (77) هەرێم و ناوچە زیاترە كەمافی نوێنەرایەتییان هەیە لەكۆنگرێس و ئەنجومەنی پیراندا.
هەروەها لەهەردوو ویلایەتی ڤێرمۆنت و وایۆمینگ زیاترە، بۆیە ئەوانیش مافی خۆیانە نوێنەرو دەنگیان هەبێت و دەڵێن ئەوە سەرەتاییترین مافی مەدەنیی دانیشتوانی ئەو هەرێمەیە.
لەئێستادا كە دیموكراتەكان زۆرینەی كۆنگرێس و ئەنجومەنی پیران پێكدەهێنن، رۆژی 22ی حوزەیران یاسایەكیان لەژێر ناوی (HR 51)دا بەدەنگی (216) بەڵێ بەرامبەر (208) نەخێر تێپەڕاند، تاهەرێمی كۆڵۆمبیا ببێتە ویلایەت.
بۆ خۆدەربازكردن لەكێشەی هەمواری دەستور، كەدەڵێت نابێت ناوچەی بارەگای حكومەت ویلایەت بێت (واتە ئەو رووبەرەی باڵەخانەی كۆشكی سپی و كاپیتۆڵ هێڵ و دادگای باڵاو بارەگا سەرەكییەكانی تری تێدایەو هەندێك جار بەمۆڵی نیشتیمانیی ناودەبرێت).
بەدەر لەبیانوی نادەستوری بوونی یاساكە، كۆمارییەكان دەڵێن، ئەوە تەنیا هەوڵ و بیانوی دیموكراتەكانە بۆ ئەوەی ئەمریكا بكەنە وڵاتێكی سۆشیالیستی و ژمارەی ئەندامانیان لەكۆنگرێس و ئەنجومەنی پیران زیاتربكەن.
لەیاساكەدا دیموكراتەكان رووبەری ئەو ناوچەیە كە لەدەستوردا دەڵێت نابێت لە (10) میل دووجا زیاتربێت، لەڕووی ئیدارییەوە لەهەرێمەكەی دادەبڕن و دەیخەنە دەرەوەی شارەكەو وەك هەرێمێكی سەربەخۆ دەیهێڵنەوە و نایكەن بەبەشێك لەویلایەتەكە، بەوەش بەشێكی زۆر لەئارگوێمێنتی كۆمارییەكان وەڵامدەدەنەوە كەدەیانوت ئەو بە ویلایەتكردنە دەستوری نییە و پێویستی بەهەمواركردنەوەی دەستور هەیە.
بەدەر لەبیانوی نادەستوری بوونی یاساكە، كۆمارییەكان دەڵێن، ئەوە تەنیا هەوڵ و بیانوی دیموكراتەكانە بۆ ئەوەی ئەمریكا بكەنە وڵاتێكی سۆشیالیستی و ژمارەی ئەندامانیان لەكۆنگرێس و ئەنجومەنی پیران زیاتربكەن.
هاوكات ئارگوێمێنتێكی تریان ئەوەیە ناوچەیەكی وەك پۆرتۆریكۆ دانیشتوانەكەی زیاتر لەسێ ملیۆن كەسن و هێشتا نەبوونەتە ویلایەت و نوێنەرییان نییە لەكۆنگرێس و ئەنجومەنی پیراندا.
دوای دەركردنی بڕیارەكە لەلایەن كۆنگرێسەوە، ئێستا چووەتە بەردەم ئەنجومەنی پیران بۆ دەنگدان لەسەری و بەهۆی ئەوەی ژمارەی دیموكراتەكان زیاترە، پێدەچێت ویلایەتێكی نوێ لەئەمریكادا دروست ببێت و ئاڵاكەی ئەستێرەیەكی تر زیادبكات كەدوایەمین جار، لە 4ی تەمموزی ساڵی 1960دا بوو، كاتێك هاوای بووە ویلایەتێكی سەربەخۆ.