هۆشداری دەدرێت لە گەڕاندنەوەی 100 خێزانی داعش

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
حکوومەتی عێراق بڕیاری گەڕاندنەوەی خێزان و منداڵی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش هەڵدەوەشێنێتەوە.
شێروان دووبردانی، سەرۆکی لێژنەی هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، رایگەیاندووە: حکوومەتی عێراق بڕیارەکەی هەڵوەشاندووەتەوە.
بەپێی بڕیارەکە، خێزان و منداڵی چەکدارە عێراقییەکانی داعش لە کەمپی هۆل لە شاری حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان دەگەڕێندرانەوە کەمپەکانی سنووری شارەدێی گەیارە لە باشووری مووسڵ.
شێروان دووبردانی رایگەیاندبوو: کاروانێکی خێزان و منداڵەکانی چەکدارانی داعش گەڕێندراونەتەوە کەمپەکانی سنووری شارەدێی گەیارە لە باشووری مووسڵ.
شێروان دووبردانی ئاماژەی بە مەترسیی گەڕاندنەوەی ئەو ژن و منداڵانە کردبوو و رایگەیاندبوو: ”هەموو هەوڵێکمان دا بۆ رێگرتن لە گەڕاندنەوەیان، بەڵام هەوڵەکان بێئەنجام بوون، پێدەچێ بە ئەنقەست هەوڵی گەڕاندنەوەیان بۆ پارێزگای نەینەوا بدرێ“.
سەرۆکی لێژنەی هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق پێیوایە مەترسی گەورەی گەڕاندنەوەی ئەو ژن و منداڵانە دروستبوونی تۆڵەسەندنەوەی خەڵکی مووسڵە لێیان، بەهۆی ئەوەی لە کاتی داگیرکردنی مووسڵ (2014-2017)، چەکدارەکانی داعش ستەمێکی زۆریان لە خەڵکی مووسڵ کرد.
پێشتر شێروان دووبردانی هۆشداری دابوو لە هەوڵێک بۆ گەڕاندنەوەی نزیکەی 100 خێزانی داعش، کە ژمارەیان 700 کەس دەبێت، بۆ کەمپەکانی باشووری مووسڵ.
