دادگای پێداچونەوە به‌ڵگه‌نامه‌ى په‌سه‌ندکردنى سزاى به‌ندکراوانى بادینان بڵاوده‌کاته‌وه‌

4 ساڵ لەمەوپێش



دادگای پێداچونەوەی هەرێمی کورستان بڕیاری دادگای تاوانه‌كانی دووی هه‌ولێری سەبارەت بە سزای زیندانی شه‌ش ساڵی پێنج چالاکوانەکەی بادینانی پەسەند کرد و بەڵگەنامەكەی بڵاوكردەوە.

بەپێی ئەو نوسراوەی کە دادگای پێداچوونەوەی هەرێم بڵاویکردووە، دەردەکەوێت لە ٢٨ی نیسانی ڕابردوو دادگاکە، بڕیاری دادگای تاوانەکانی دووی هەولێری سەبارەت بە سزادانی گیراوانی بادینان پەسەند کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە، بڕیارەکە درووستە و لەگەڵ یاسادا گونجاوە.

بەگوێرەی نوسراوەکە، سزاکە بە پشت بەستن بە یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ بڕگەکانی ٤٧، ٤٨و ٤٩ بڕیاری دادگا بۆ شه‌ش ساڵ زیندانیكردنی (شێروان شێروانی، ئه‌یاز كه‌ره‌م، گوهدار محه‌مه‌د ئه‌مین، شڤان سه‌عید و هاریوان عیسا) دروستە و لەگەڵ یاسادا گونجاوە.

ئەو پێنج کەسە کاریان بۆ لێدان لەپێگە هەستیارەکانی هەرێم و زیانگەیاندن بە ئاسایشی هەرێمی کوردستان کردووە، سزادراوانیش لە بەردەم داوەری لێکۆڵینەوە دانیان ناوە بە دروستکردنی گروپێک و لێدان بۆ ئەو مەبەستە.

رۆژی ١٦ی شوباتی ئەمساڵ، دادگای تاوانه‌كانی دووی هه‌ولێر پێنج چالاکوان و رۆژنامەنوسی سنوری بادینانی بە شەش ساڵ زیندانیکرد سزا دا.

لە کاتێکدا دەستگیرکراوەکان سەرجەم تۆمەتەکانیان تا ئێستا رەتکردووەتەوە و دانیان بە هیچ شتێکدا نەناوە، هاوکات دوای بڕیارەکە و دروستبوونی ناڕەزایی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەو بڕیارەی بە مەترسی زانی بۆ نابانگی هەرێمی کوردستان.

لای خۆییەوە لەتیف شێخ مستەفا دادوەر، باس لەوە دەکات، ئێستا تۆپ لەساحەی سەرۆکی ھەرێمە کە خۆشی رایگەیاندبوو ئەو حوکمە نادادپەروەرە و کاریگەری خراپی بۆ ناوبانگی ھەرێم ھەیە، با هەڵسێت بەگوێرەی دەسەلاتەکانی خۆی لێبوردنی تایبەتیان بۆ دەربکات بەگوێرەی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم.

پێشتر هیومان رایتس وۆچ لە ڕاپۆرتێکدا لەسەر ئەو پرسە ڕایگەیاندبوو، هەست بەنیگەرانى سزادانى دەستگرکراوانى بادینان دەکەن بەهۆى ویستێکى سیاسى و ئاڕاستەکانى دادگاى پێداچونەوە کە پێوەرەکانى دادگایەکى دادپەروەرانەى پشتگوێخستووە.

​​​​​​

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار