دژەتیرۆری کوردستان لەسەر كوشتنی قاسم سولەیمانی رونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
دژەتیرۆری کوردستان لەسەر راپۆرتێکی رۆژنامەوانی بنکۆڵکاری لە ماڵپەری یاهوو نیوزی ئەمریکی لەسەر وردەکاری ئۆپەراسیۆنی قاسم سولەیمانی رایگەیاند پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لێکوڵینەوەیەکی جددی لەسەر ئەو راپۆرتە بکات بۆئەوەی راستییەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێن.
دەقی روونکردنەوەکەی دژەتیرۆری کوردستان:
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتێکی رۆژنامەوانی بنکۆڵکاری لە ماڵپەری یاهوو نیوزی ئەمریکی لەسەر وردەکاری ئۆپەراسیۆنی بەئامانجگرتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران کە تێیدا ناوی دژەتیرۆری کوردستان هاتووە، لێرەوە بۆ هەموو لایەکی رادەگەیەنین، دژەتیرۆری کوردستان ناسراوە بە CTD و دوور و نزیک پەیوەندی بە زانیارییەکانی ناو ئەو راپۆرتە و ئەو ئۆپەراسیۆنەوە نییە و لێی بێئاگایە.
گرووپێک هەیە بە ناوی CTG کە سەر بە لاهوور جەنگی و براکانیەتی و پابەند بە رێکار و یاساکانی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانییەوە نین و لە دەرەوەی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2011ی پەرلەمانی کوردستان کار دەکات کە تایبەتە بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان - عێراق.
لە راپۆرتە رۆژنامەوانییەکەی یاهوو نیوزدا بە روونی باس لەم تێوەگلان و بەشدارییەی هێزەکانی CTG دەکات و بۆ ئەو مەبەستەش لە راپۆرتەکەدا بە روونی ئاماژە بەوە دەکەن کە پەیوەندییان بە لاوێن ئازادی گوتەبێژی لاهوور جەنگییەوە کردووە بۆئەوەی روونکردنەوە لەسەر بەشداریی و تێوەگلانیان لە بەئامانجگرتنی قاسم سولەیمانیدا بدەن.
ئێمە دووبارە رایدەگەیەنین کە دژەتیرۆری کوردستان هیچ پەیوەندییەکی بەم بابەتەوە نییە.
پێشنیار دەکەین کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لێکوڵینەوەیەکی جددی لەسەر ئەو راپۆرتە بکات بۆئەوەی راستییەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێن.
