سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی: پێویستە لێبڕینی مووچە نەمێنێت
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی كەهاوكات سەرۆكایەتی لیژنەی دارایی و ئابووری لەپەرلەمانی كوردستان دەكات دەڵێت:» هەموو هەوڵێكی حكومەتی هەرێم بۆ رێككەوتن بوو لەگەڵ بەغدا، ئێستا كە رێكەوتن كراوە بڕیارە پشكی هەرێم بێت، پێویستە لێبڕینی موچە نەمێنێت».
زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» ئێمە وەكو كاری پەرلەمانی نووسراومان ئاراستەی وەزارەتی دارایی و حكومەت كردووە كە داهاتەكانی ناوخۆ زیادی كردووەو نرخی نەوت بەرزبووەتەوە و پێویستە لێبڕینی موچە نەمێنێت».
ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد لەماوەی رابردوو كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هاتوونەتە پەرلەمان لەگەڵیاندا گفتوگۆیان كردووەو بەڵێنیانداوە دوای ئەوەی حكومەتی هەرێم بەرچاو روونی دەبێت لەگەڵ بەغدا تایبەت بەجێبەجێكردنی بودجە ئەوكات لێبڕینی موچە نامێنێت.
هەروەها باسی لەوەشكرد وەزیری دارایی پێی راگەیاندوون كە چاوەڕێی جێبەجێكردنی رێكکەوتنەكە لەگەڵ عێراق دەكەن و هیچ شتێكی دیكە نییە تا چاوەڕێی بكەن دوای ئەوەی حكومەت بەرچاوی روون دەبێتەوەو لێبڕینی موچە هەڵدەگرێت.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ئەوەشی دووپاتكردەوە حكومەتی هەرێم خۆیان دەڵێن داهاتی ناوخۆ زیادی كردووە بۆیە لەگەڵ فرۆشی نەوت دەتوانن موچە بەبێ لێبڕین دابەش بكەن، وتیشی:»ئێمە وەكو فراكسیۆنی یەكێتی و سەرجەم فراكسیۆنەكان پێویستە فشار دروست بکەین بۆ كۆتایی هێنان بەلێبڕینی موچە».
سەرەڕای ئەوەی هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و پلاندانانی حكومەتی هەرێم پرۆژەی بودجەی 2021 ئامادە كردووەو دوو هەفتەیە حكومەتی هەرێم تاووتوێی دەكات، بەڵام هێشتا بڕیاری ناردنی پرۆژەكە بۆ پەرلەمان یەكلانەكراوەتەوە.
زیاد جەبار وتی:» سەرەتا حكومەت بەڵێنیاندا مانگی ئازار پرۆژەكە بنێرن بۆ پەرلەمان، دواتر وتیان بابزانین لەگەڵ بەغدا دەگەینە رێككەوتن، رێكکەوتن كراوەو هێشتا ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەردەكات، بەڵام بەپێی زانیارییەكانم بڕیارە بەم زووانە پرۆژەكە بگاتە پەرلەمانی كوردستان».
بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتى ، پرۆژە بودجەی 2021ی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق ئامادەكراوە، بەڵام حكومەتی هەرێم دەیەوێت بۆ یەك مانگ پشكی هەرێم رەوانە بكرێت تا بزانرێت مانگانە چەند دەگاتە هەرێم ئەوكات پرۆژەكە رەوانەی پەرلەمان بكەن كەدەكەوێتە كۆتایی ئەم مانگەوە بۆ رەوانەكردنی.