لایەنەكان بوونی دەستور بەگرنگ دادەنێن بۆ هەرێمی كوردستان

4 ساڵ لەمەوپێش



ماردین نورەدین

سەرۆكایەتی هەرێم وێستگەیەكی بۆ لای شەش لایەنی سیاسی هەرێمی كوردستان ئەنجامداو تێیدا پەیامێكی پێگەیاندن كەدەیانەوێت دەستبكرێتەوە بەپرۆژەی نووسینەوەی دەستور كە لەخولی پێشووی پەرلەماندا كارەكانیان راگیرا.

هەریەك لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ جێگرانی مستەفا سەد قادرو جەعفەر شێخ مستەفا سەردانی كۆمەڵ و یەكگرتوو و گۆڕان و یەكێتی و پارتی و سۆسیالیستیان كرد لەپێناو وەرگرتنی بۆچوونی ئەو لایەنانە تا كۆدەنگییەك دروستبكرێتەوە بۆ دەسپێكردنەوەی نووسینەوەی پرۆژەی دەستور.

لەخولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا پرۆژەی دەستور لیژنەیەكی (20) كەسی بۆ پێكهێندرا لەپێنج لایەنی سیاسی و پێكهاتەی مەسیحی و توركمانەكان بوو لەماوەی سێ مانگدا سێ دەروازەی پرۆژەی دەستوریان نووسیوە كە پێشەكی پرۆژەی دەستور لەگەڵ دەروازەی ئایین و ماف و ئازادییەكان و كەمینەكانی كوردستان لەگەڵ دەروازەی پرەنسیپە گشتییەكان، ئەوكات داواكرا ماوەكەیان لەپەرلەمانی كوردستان بۆ درێژبكرێتەوە، بەڵام پەیوەندییەكان لەنێوان پارتی و بزوتنەوەی گۆڕان تێكچوو، سەرۆكی پەرلەمان كەئەوكات یوسف محەمەد بوو رێگەی پێنەدرا بچێتەوە پەرلەمان و وەزیرەكانی بزوتنەوەی گۆڕانیش بەفەرمانی مەكتەبی سیاسی پارتی دوورخرانەوە لەحكومەت.

جوڵە سیاسییەكەی سەرۆكایەتی هەرێم لەپێناوی ئەوەدایە لەڕێگەی سازانی لایەنە سیاسییەكانەوە پەرلەمان جارێكی دیكە لیژنەیەك بۆ نووسینەوەی پرۆژەی دەستور پێكبهێنێت.

ئەم جوڵەیەی سەرۆكایەتی هەرێم هاوكاتە لەگەڵ داوای سەرۆكایەتی پەرلەمان لەفراكسیۆنەكان كە تا 15ی ئەم مانگە روئیای خۆیان لەسەر دەستپێكردنەوەی نووسینەوەی پرۆژەی دەستور بخەنەڕوو.

دانا دارا راوێژكاری یاسایی پەرلەمان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» دەستور دەقێكی نووسراوی بێ روحە، كاتێك روحی دەكرێت بەبەرا كەجێبەجێ بكرێت، دەستور وێڕای داڕشتنە یاساییەكەی رەهەندێكی سیاسی هەیە، ئەگەر جێبەجێ نەكرێت دەبێت بە بەڵایەكی دیكە بەسەر هاووڵاتیان و هەرێمی كوردستان».

ناوبراو وتیشی:» ئەم پرسە بوعدێكی پەرلەمانی هەیە، راستە یەكێتی و پارتی زیاتر جوڵەی تێد

ا دەكەن و جێ پەنجەی هەموو لایەنەكانی پێوە دیار دەبێت».

دانا دارا کە لەسەر پشكی كۆمەڵی دادگەری راوێژكاری یاسایی پەرلەمانە ئەوەشی خستەڕوو هێزێكی وەك كۆمەڵ كەژمارەیەكی گەورەیە ئەگەر لەگەڵی نەبێت رەنگە شەقامەكەشی دەنگی پێنەدات و كاردانەوەی خراپی لێبكەوێتەوە.

هەروەها فارس نەوڕۆڵی وتەبێژی سەركردایەتی پارتی لەپارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە لەلێدوانێكدا بە وت:»دەستور بۆ هەر نەتەوەیەك مانایەكی تایبەتی هەیە بەتایبەتی بۆ میللەتێكی چەوساوەی وەك كورد، گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام لەهەمووی گرنگتر نەیخەینە ناو چوارچێوەی ململانێ و ئایدۆلۆژیەوەو هەوڵبدەین دەستورێكی مەدەنی كە لەگەڵ دنیای مۆدێرنی ئەم سەردەمە بگونجێت هەبێت».

ناوبراو پێشیوابوو تەنیا مەرجی ئەوان ئەوەیە كەدەستورێك بێت كۆی پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی كوردی جێپەنجەیان و رەنگی ئەوانی تێدا بێت، ئێمە دەستور ناكەینە ململانێی ئایدۆلۆژی و ململانێی حزبی».

هاوكات شێركۆ جەودەت ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانی كوردستان بۆ هاوڵاتى ئاماژەی بەوەكرد بێگومان دەستور بەرنامەی پێكەوەژیان و ئیدارەدانی وڵاتەو زەروورەتە، وتیشی:»ئێمە لەپەیڕەوی ناوخۆی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەرنامەی كارەكانمان هەمووی ستراتیج و لەپێشینەمان بۆ دەستوری هەرێمی كوردستانە، دەستورێك كە جێگەی هەمووانی تێدا ببێتەوەو مافی هەمووان بپارێزێت و مرۆڤ سەنتەر بێت تێیداو هەموو ئاراستەكان لەپێناو پاراستنی كەرامەت و ئازادییەكانی مرۆڤ بێت».

ناوبراو ئەوەشی باسكرد كەمەرجەكەیان لەنووسینەوەی دەستور ئەوەیە كە مرۆڤ سەنتەری ئەو دەستورە بێت، ماف و ئازادییەكان تێیدا پارێزراو بێت، كەرامەتی ئینسان و نان و بژێویی، سیستمی لامەركەزی تێیدا چەسپاو بێت و بەرنامەی گەشەپێدانی ئابوری و سەرچاوەی سروشتی و بژێوی ژیان تێیدا پارێزراو بێت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار