مەسیحییەكان: هەزار دۆنم زەویمان لەهەولێر داگیرکراوە

عەبدولستار مەجید: پێویستە دەست لەو زەوییە كشتوكاڵییە هەڵبگیرێت بۆ نیشتەجێبوون

4 ساڵ لەمەوپێش



ماردین نورەدین

مەسیحییەكانی عەینکاوەی هەولێر پەنا بۆ پەرلەمان دەبەن گفتوگۆ لەبارەی داگیركردنی هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێكدا بكەن، سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵیش دەڵێت:» پێویستە دەست لەو زەویە كشتوكاڵییە هەڵبگیرێت بۆ نیشتەجێبوون».

عەبدولستار مەجید سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى  ئاماژەی بەوەكرد نزیكەی (15) رۆژ پێش ئێستا نوێنەری جووتیارەكانی عەینكاوە هاتن بۆ لامان بۆ لیژنەی كشتوكاڵ، بەندەو چەند پەرلەمانتارێكی تر لەگەڵیاندا گفتوگۆیان كردو مەسیحییەكان وتیان:» ئێمە بەبەڵگە هەزار دۆنم زەویمان هەیە لەمقاتەعەی پێنج لەنێوان شەقامی (100) بۆ (120) مەتری، دراوە بەكۆمپانیایەك، ئەو كۆمپانیایە سەر بەدەسەڵات و حكومەتە بۆ پڕۆژەی نیشتەجێبوون، ئێمە بەڕاستی رازیی نین باشترین زەوی كشتوكاڵییە و هەر ئەوەمان ماوە لە عەینكاوە و دەوروبەری عەینكاوە، ئەوەشیان داگیركردووە».

هەروەها باسی لەوەشكرد كە ئەو هاووڵاتیە مەسیحیانە ئەوەشیان باسكردووە كە زەویەكەیان كردووە بەگەنم و شۆفڵیان لێداوە.

 عەبدولستار مەجید وتی: بەپێی یاسای كشتوكاڵ ئەگەر زەویەك دەستیشی لێهەڵگیرابێت بۆ پرۆژەی شارەوانی یان هەر پڕۆژەیەكی دیكەی نیشتەجێبوون كاتێك ئەم زەویە داچێنرا بێت دەبێت لێی بگەڕێن تا دەیدورێتەوە كابرا، ئەوان هاتوون هێشتا بەسەوزی گەنمە وایان كردووە».

هاوكات جەختی لەوەشكردەوە كە پێیان راگەیاندوون یەكەمیان نووسراوێكی فەرمی لەسەر داوای خۆتان كەداوایەكیان نووسیوە، نووسراوێكی رەسمیمان ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووەو دواتریش پێمانڕاگەیاندوون ئامادەین بچینە شوێنەكە، وتیشی:» دواتر هەندێ خەڵك هاتنە سەر هێڵ پێدەچێت سەر بەلایەنی دەسەڵات بن كەوتیان وا نییە، دواتر كەسێك لەخۆیان لەمەسیحییەكان ڤیدیۆیەكی بڵاوكردەوە كەهاوار بۆ بەرپرسەكان دەبات و دەڵێت هەر ئەوەمان ماوە ئەوەشمان لێ داگیرمەكەن، ئەوە پشتڕاستی ئەو بابەتەی كردەوە».

«حكومەت دەبێت دەستی لێهەڵبگرێت و واز لەو پڕۆسەیە بهێنێت، هەزار دۆنمی كشتوكاڵی گوناحە بكرێتە زەوێ نیشتەجێبوون، ئێمە سەدەها شوێنمان هەیە سەخەریە (بەردی)یەو بەكەڵكی كشتوكاڵ نایەت، دەكرێت ئەم شوێنانە بكرێتە پڕۆژەی نیشتەجێبوون»، سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لەپەرلەمانی كوردستان وا دەڵێت.

لەلایەكی دیكەوە یونادم كەنا سەرۆكی كوتلەی رافیدەین لەپەرلەمانی عێراق لەبەرنامەیەكی كەناڵی شەرقیەی عێراقی لەشەوی 6ی ئایاردا باسی لەوەكرد كەمەسیحییەكان زەوی كشتوكاڵییان لێ داگیركراوە لەهەولێرو وتی:»كە باسی زیادەڕۆیی دەكرێت وادەزانن تەنیا لەبەغدا زیادەڕۆیی هەیە بۆ سەر موڵكی مەسیحییەكان، زیادەڕۆیی لەزاخۆوە بیگرە تائێران، لەسنوری عێراق توركیاوە، بەهەموو دهۆكدا بڕۆ، تەنیا لەدهۆكدا زیاتر لە (70) گوند هەیە كێشەم هەیە تێیدا».

هەروەها وتیشی:» دواترینیان عەینكاوە بوو، راماڵینی كێڵگەكانی عەینكاوە لەپێناو پرۆژەیەكی وەبەرهێناندا، گەنمەكە نەدوراوەتەوە، بەگرێدەرو بلدۆزەر رایانماڵی، سێ رۆژ لەمەوبەر تەنیا لەعەینكاوە دەست بەسەر (700) دۆنم زەویدا گیراوە».

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار