وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار داوایەك ئاڕاستەی وەبەرهێنەران و سەرمایەداران دەكات

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایدەگەیەنێت، پرۆژەیەكی گەورەی گەشتیاریی هاوشێوەی پرۆژەی تەلەفریكی چیای زاوای دهۆك لەسەر چیای سەفینی شەقڵاوەش دەكرێتەوە و بانگهێشتی سەرجەم وەبەرهێنەران و سەرمایەدارانی كوردستانیش دەكات بۆ ئەوەی پرۆژەی گەشتوگوزاری لە هەرێمی كوردستان بكەن.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، كەرتی گەشتوگوزار جێی بایەخی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و لەناو پێكهاتەی حكومەت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریشدا دەستەیەكی سەربەخۆ كاروبارەكانی ئەو كەرتە بەڕێوەدەبات و ماستەرپلانێكی گشتی بۆ سەرجەم هەرێمی كوردستان هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "خواستی ئێمە لە پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزاردا لەوەی ئێستا هەمانە زۆر زیاترە و دەمانەوێت بایەخی زیاتر بەو سێكتەرە بدەین، لە بەرنامەماندایە پرۆژەی گەشتوگوزاری هاوشێوەی تەلەفریكەكەی چیای زاوای دهۆك، لەسەر چیای سەفین لە شەقڵاوەش جێبەجێ بكەین".
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار داوا لە سەرمایەداران و وەبەرهێنەرانیش دەكات سەرمایەكانیان بخەنەگەڕ لە پرۆژەی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان، لەمبارەیەوە دەڵێت، "بانگهێشتی سەرمایەداران و وەبەرهێنەران دەكەین بۆ ئەوەی سود لە بەرزایی و چیاكانی كوردستان وەربگرن و پرۆژەی گەشتیاری هاوشێوەی پرۆژەی تەلەفریكی چیای زاوای دهۆك، لەو شوێنە گەشتیارییانەی تاوەكو ئێستا دەستیان پێنەگەیشتوە پرۆژەی هاوشێوە بكەن و لە هەر شوێنێكیش وەبەرهێنەران و كەرتی تایبەت بیانەوێت سود لەو شوێنانە وەربگرن".
ئەوەشی خستەڕو، حكومەتی هەرێمی كوردستان پشتگیریی سەرمایەداران دەكات كە بەشێوەیەكی باش سەرمایەكانیان لە هەمو بوارەكان و بە تایبەتی لە بواری گەشتوگوزاردا بخەنەگەڕ.
