وەزیری دارایی واژۆی لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی هەرێم کرد

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان واژۆی لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی هەرێمی کوردستان کرد و پرۆژەیاساکە رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە دوای ساڵی 2013ـەوە بۆ یەکەم جارە پرۆژەیاسای بودجە رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت.
لەدوای 2013ـەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان پرۆژەیاسای بودجەی نەناردووەتە پەرلەمانی كوردستان، ئەویش دوای ئەوەی بەهۆی بڕینی بەشە بودجەكەی و شەڕی داعشەوە، رووبەڕووی قەیرانێكی قووڵی دارایی بووەوە كە تاوەكو ئێستاش كاریگەرییەكانی لەسەر كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت هەر ماون.
رۆژی چوارشەممە 07-04-2021 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی پەسندکردنی بودجە و کەمکردنەوەی خەرجییەکان بە ئاراستەی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران کۆبووەوە. لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەش ئاماژە بەوە کرا، "پرۆژەیاسای بودجە بەم نزیکانە ئامادە دەبێت."مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوە کرد، حکومەت هەموو هەوڵێکی خستووەتەگەڕ لەپێناو رێکخستنەوەی داهاتەکان و کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان و رێکخستنەوەی میلاک و دەرھێنانی ناوی ئەو کەسانەی کە "بە شێوەیەکی ناڕەوا" سوودمەندبوون لە بودجە گشتی، بۆ ئەوەی ماف و شایستەی دارایی مووچەخۆری شایستە دەستەبەر بکرێت، سەرەڕای کارکردن بۆ کەمکردنەوەی رۆتین لە راییکردنی مامەڵە داراییەکان.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە لە ئامادەکردنی پرۆژەیاسای بودجەی 2021، "هەموو ئەگەرەکان لە بەرچاو بگیرێت و بودجەیەکی واقیعی و شەفاف بێت و پشت بە ژمارە و داتا و داهاتی نەوتی و نانەوتی و خەرجی راستەقینە و کورتھێنان و دۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان ببەستێت کە لە دوای پەسندکردنی لە ئەنجوومەنی وەزیران، دەخرێتە بەردەم پەرلەمانی کوردستان و ئەم بودجەیە دەبێتە هۆی برەودانی زیاتر بە شەفافیەت لە دارایی گشتی ھەرێمی کوردستان
