نێچیرڤان بارزانی: ئاڵۆزییەکانی ئیسرائیل و فەلەستین پێویستی بە چارەسەری ئاشتیانەیە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەو تووندوتیژییانە نیگەرانین کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی خەڵکی مەدەنی.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 12-05-2021، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر تویتێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند" تووندوتیژییەکان خەڵکی مەدەنی و منداڵی کردووەتە قوربانی و شوێنە پیرۆزەکان بە ئامانج گیراون، داواش دەکات چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ ئەو ئاڵۆزییانەی ئێستا بدۆزرێتەوە".
لە تویتەکەدا هاتووە "ئێمە زۆر نیگەرانین سەبارەت بە تووندوتیژییەکانی ئەم دواییەی نێوان ئیسرائیلییەکان و فەلەستینییەکان، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی خەڵکی مەدەنی و منداڵان و بە ئامانجگرتنی شوێنە پیرۆزەکان. داوای دانبەخۆداگرتن و دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتیانە دەکەین بۆ ئەم ئاڵۆزییەی ئێستا."
لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانی 48 کاتژمێری رابردوودا لەنێوان بزووتنەوەی حەماسی فەلەستنی و سوپای ئیسرائیل لانیکەم 35 فەلەستینی کوژراون، کە 10یان منداڵ هەن، 5 ئیسرائیلیش لە ئەنجامی مووشەکبارانی گرووپە جیهادییەکانی فەلەستین کوژراون.
تەنیا شەوی رابردوو شەش جار زەنگی ئاگادارکردنەوە لە تەلئەبیب لێیدا. سوپای ئیسرائیل ئەم بەیانییە رایگەیاند، زیاتر لە 1000 موشەک لەلایەن گرووپە جیهادییەکانی غەززە ئاراستەی ئیسرائیل کراون، سیستەمی بەرگریی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆربەی مووشەکەکانی داوەتەوە.
