وەزارەتی پێشمەرگە: بۆ "تێکشکانی تیرۆریستان" پێویستیمان بە رێککەوتنێکی گشتگیر و هەمەلایەنەیە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند ''تیرۆرستان'' جووڵە و بزاوتەکانیان زیادبووە و شێوازی شەڕ و پەلاماردانیان گۆڕیوە و بەردەوام مەترسی دروست دەکەن دەڵێت"بۆ رێگریکردن لەم رووداوانە و "تێکشکاندنی تەواوەتی تیرۆریستان لەگەڵ سوپای عێراق پێویستیمان بە رێککەوتنێکی گشتگیر و هەمەلایەنەیە".
ئەمڕۆ چوارشەممە 12-05-2021 وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکان بۆ سەر سەنگەرێکی پێشمەرگە کە پێشمەرگەیەک تێیدا شەهیدبوو، بڵاوکردەوە و دەڵێت "لە ماوەی رابردوودا چەندینجار هۆشداریمان دابوو، لە ئەنجامی بوونی بۆشایی ئەمنی لەنێوان سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق، "تیرۆریستانی داعش توانیویانە خۆیان رێکبخەنەوە و ئێستا لەشێوەی گرووپ و مەفرەزەی جۆراوجۆر دەرکەوتوونەتەوە، بۆ سەلماندنی ئەو راستیەش، ماوە ماوە کردەوەیەکی دڕندانەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن."
کاتژمێر 10:00ی شەوی رابردوو چەکدارانی داعش لە سنووری گوڵاڵە هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی ژێر دەستی هێزەکانی حەشدی شەعبی و لە گوندی ئۆمەربلیش بە قەناس هێرشیانکردە سەر سەنگەرێکی لیوای 116ی پێشمەرگە و پێشمەرگەیەک برینداربووە، بەڵام دواتر بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە، گیانی لەدەستداوە.
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیێندراوەکەیدا سەبارەت بە شەهیدبوونی ئەو پێشمەرگەیە ئاماژە بەوە دەدات "تیرۆریستان پەلاماری سەنگەرێکی لیوای 116ی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیاندا، لە سنووری قەزای کفری و لە ئەنجامی ئەو پەلامارە ترسنۆکانەیە، پێشمەرگەیەک بەناوی( موحسین حوسێن گەرەوەیی) شەهیدبوو. پەلامارەکە لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە، بەرپەرچ دراوەتەوە و تیرۆریستان راونران".
وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتی دەکاتەوە کە "تیرۆرستان جووڵە و بزاوتەکانیان زیادبووە و شێوازی شەڕو پەلاماردانیان گۆڕیوە و، بەردەوام مەترسی دروستدەکەن".
وەزارەتی پێشمەرگە لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا دەشڵێت، بۆ رێگریکردن لەم رووداوانە و "تێکشکاندنی تەواوەتی تیرۆریستان لەگەڵ سوپای عێراق پێویستیمان بە رێککەوتنێکی گشتگیر و هەمەلایەنەیە."
