نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم: کۆتایی بە تۆڵەسەندنەوە لە ڕۆژنامەنوسان بهێنن

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى 

نەتەوە یەکگرتوەکان لە دوایین ڕاپۆریدا، ئاماژە بە هەڵکشانی بەرتەسککردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان دەکات و داوا لە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان دەکات: کۆتایی بە هەراسانکردن و ترساندن و تۆڵەسەندنەوە لە ڕۆژنامەنوسان و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ و چالاکوانان، بهێنن.

بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتوەکان، ئەمڕۆ دەرچوە، لەماوەی ساڵی ڕابردوودا بەرتەسکردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین لەهەرێمی کوردستانی عیراقدا لە هەڵکشاندا بووە، ڕاپۆرتەکە ڕوونیدەکاتەوە”ڕەخنەگرانی  دەسەڵاتە گشتییەکان نەك تەنها دووچاری مەترسیی تۆقاندن و بەربەست خستنە بەردەم جووڵە و گرتنی هەڕەمەکی بوونەتەوە، بگرە هەندێکیان بە تۆمەتی ناوزڕاندنیش تۆمەتبارکراون، وە هەندێکیشیان لەم دوواییانەدا بەپێی یاساکانی پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەییەوە سزادراون”.

ڕاپۆرتەکەی نوسینگەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق/ یونامی چەندین شێوازی نیگەرانیکەری دۆکۆمێنت کردوە لە مانگی ئازاری  ٢٠٢٠ بۆ نیسانی ٢٠٢١، کە تێبینی کراوە کەسانێك بەئامانج کراون بەهۆکاری پەیڕەوکرنی مافەکانیان لە رێپۆرتکردن یان ڕەخنەگرتن لە هەڵسوکەوتەکانی دەسەڵاتە گشتیەکان.

لەو ڕاپۆرتەدا، لێدوانێکی میشێل باشلێت کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ دانراوە، کە وتویەتی” شێوازەکانی سەرکوتکرن کە لەم ڕاپۆرتەدا دۆکۆمێنت کراون زۆر جێگای نیگەرانین، چونکە نەك تەنها تیشك دەخەنەسەر هەڕەشە و تۆقاندن لە ڕەخنەگران، بگرە ئەم جۆرە ڕێکارانە کاریگەرییەکی ترسناکیشی دەبێت بەسەر ئەوکەسانەی هەوڵی شەفافیەت و لێپیچینەوە دەدەن لە دەسەڵاتە حکومییەکان”.

ئاماژەش بە هەڵسوکەوتی هێزە ئەمنییەکان و دەستبژێرکردن لە جێبەجێکردنی یاساکاندا و پابەند نەبوون بە ڕێکارە یاساییە پەیوەستەکان و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ، کراوە.

باشلێت، جەختی لەسەر ئەوە کردوەتەوە، کە کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی پێویستی بەوە هەیە، کە دەزگا میدییایەکان و چالاکوانان و ڕەخنەگران توانای ئەوەیان هەبێت، بەبێ ترس و دڵەڕاوکی و سانسۆر ڕوماڵی بابەتە گشتییەکان بکەن، هەروەها هاوڵاتیانیش مافی دەستکەوتنی زانیارییەکانیان هەبێت.

ئەمە جگە لەوەی، جینین بلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ عێراق و بەرپرسی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق/ یۆنامی، وتی” شەفافیەت و لێپێچینەوە و کرانەوە بۆ لێپرسینەوە بابەتێکی زیندووە بۆ هەر دیموکراسیەتێکی تەندروست”

لە ڕاسپاردەکانیدا، ڕاپۆرتەکە هانی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان دەدات، کە هەنگاوی دەستبەجێ بگرنەبەر بەمەبەستی فەراهەمکردنی پاراستنی تەواوی مافی ئازادیی ڕادەربڕین کۆتاییهێنان بە هەراسانکردن و ترساندن و تۆڵەسەندنەوە لە ڕۆژنامەنوسان و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ و چالاکوانان.

هەروەها داواش لە دەسەڵات دەکات کە یاسای سزادان وەك ئەداتێك بەکارنەهێنن بۆ مەبەستی سنووردارکردنی ئازادی ڕادەربڕین، لەنێویشیاندا دوورکەوتنەوە لە گرتن و دەستبەسەرکردنی ئەو کەسانەی، کە بە شێوەیەکی یاسایی ناڕەزایی و توڕەییەکانیان دەردەبڕن.

جەختیش کراوەتەوە”پێویستە یاساکان هەمواربکرێنەوە بۆ ئەوەی بە شێوازێکی ڕوون پێناسەی تەواوی خیتابی قەدەغەکراویان تێدا بکرێت، هەروەها پێویستە هەموو  بەربەستەکانی بەردەم ئازادیی ڕادەربڕین کە لە یاسا نیوخۆییەکاندا هاتوون گونجاوبن لەگەڵ پێوەرەکانی مافەکانی مرۆڤی نێودەوڵەتیی پەیوەستدا”.

ئەم ڕاپۆرتە لە پێشدا لەگەڵ حکومەتی فیدرال و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بەشداریی پێکراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار