سەرۆکی پەرلەمان: ھیواخوازین جەژن گیانی تەبایی و برایەتی قووڵبکاتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەبۆنەی هاتنی جەژنی رەمەزان پەیامێکی بڵاوکردەوە رایگهیاند "ھیواخوازین ئەم جەژنە خێرو خۆشی لەگەڵ خۆیدا بھێنێت".
رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە پەیامەکەیدا پیرۆزبایی جەژن لە موسڵمانانی کوردستان، عێراق و جیهان کردووە و دەڵێت "ھیواخوازین ئەم جەژنە خێر و خۆشی لەگەڵ خۆیدا بھێنێت و گیانی تەبایی و برایەتیی زیاتر لەنێوان سەرجەم ئاین و ئاینزا و پێکهاتە جیاوازەکان قووڵ ببێتەوە".
دەقی پەیامی پیرۆزبایی رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەبۆنەی جەژنی رەمەزان:
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، جوانترین پیرۆزبایى خۆمان ئاڕاستهى سەرجەم موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان دهكهین.
ھیواخوازین ئەم جەژنە خێرو خۆشی لەگەڵ خۆیدا بھێنێت و گیانی تەبایی و برایەتیی زیاتر لەنێوان سەرجەم ئاین و ئاینزاو پێکھاتە جیاوازەکان قووڵببێتەوە.
موسڵمانان باوەشی شادی و بەختەوەری بۆ یەکتر بکەنەوە، ئارامی و سەقامگیریی تەواو باڵ بکێشێت بەسەر وڵاتەکەمانداو پەروەردگاری مەزن دەرگای ڕەحمەت و میھرەبانیی خۆی بەسەر گشت مرۆڤایەتیدا بکاتەوەو دۆخی تەندروستیی خەڵک بگەڕێتەوە دۆخى بەر لەھاتنی ئەم ڤایرۆسە نەگریسە، ژیان ئاسایی بێتەوەو ئاسوودەیی بکەوێتە دڵی سەرجەم کوردستانیانی خۆشەویست و مرۆڤایەتی بەگشتی.
خوای گهوره ڕۆژوو و نزاكانتان قبووڵ بكات، ههمیشه لهشادی و سەرفرازیدا بژین.
د.ڕێواز فایق
سهرۆكی پهرلهمانی كوردستان
12ى ئایارى 2021
