ئەردۆغان: ڤایرۆسی دوژمنایەتیکردنی ئیسلام ھێندەی کۆرۆنا مەترسیدارە

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

سەرۆککۆماری تورکیا نیگەرانیی بەرامبەر پرۆژەیاسایەک نیشاندا کە لە ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا پەسندکراوە و تێیدا سەرپۆش بۆ تەمەنی خوار 18 ساڵ قەدەغەکراوە و رایگەیاند "ڤایرۆسی دووژمنایەتیکردنی ئیسلام کە بە ھێندەی ڤایرۆسی کۆرۆنا مەترسیدارە، زۆر بەخێرایی لە وڵاتانی ئەوروپا بڵاودەبێتەوە".

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە بەشداریکردن لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی پێشبڕکێی خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز،وتارێکی پێشکێشکرد کە تێیدا زیاتر جەختی لەسەر گوشاری سەر موسڵمانانی ئەوروپا کردەوە و وتی: "ڤایرۆسی دووژمنایەتیکردنی ئیسلام کە بە ھێندەی ڤایرۆسی کۆرۆنا مەترسیدارە، زۆر بەخێرایی لە وڵاتانی ئەوروپا بڵاودەبێتەوە. ئەوروپا کە 35 ملیۆن موسڵمانی لێیە و لەو ژمارەیەش شەش ملیۆنیان تورکن، رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێتە زیندانێکی کراوە بۆ موسوڵمانان".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەردۆغان وتی: "ئەو دۆخەی ئێستا پێیگەیشتووین، زۆر مەترسیدارە. بووەتە ھەڕەشەیەکی رژدی و ئەمنی بۆ سەر ئەو موسڵمانانەی کە لە ئەوروپا دەژین".

لەبارەی "یاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندڕەوی" کە لەلایەن حکومەتی فەرەنساوە پێشکەشکراوە، سەرۆککۆماری تورکیا وتویەتی: "پێداگریی حکومەتی فەرەنسا لە تێپەڕاندنی 'یاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندڕەوی' سەرەڕای کاردانەوەی کۆمەڵگەی موسڵمان، نیگەرانییەکانی ئێمەی زیاترکردووە. ئەو پڕۆژە یاسایە کە موسڵمانەکان گۆشەگیر دەکات و گوشار دەخاتە سەر دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەگەر بەمشێوەیەی ئێستای جێبەجێ بکرێت، دەبێتە ھاندان بۆ تووندڕەوی نەک بەرەنگاربوونەوەی تووندڕەوی. بەم رەشنووسە، مافی ئافرەتانی موسڵمان لە لەبەرکردنی جلوبەرگ و ھەبوونیان لە نێو کۆمەڵگە سنووردار دەکات".

 وتوشیەتی "بەم رەشنووسە ھەروەکو سەردەمانێک لە وڵاتەکەی ئێمەدا وابوو، کچان ناچار دەکات لە نێوان باوەڕ و پەروەردەیان یەکێکیان هەڵبژێرن. دووبارە بەم یاسایە، مافی پەروەردە، بەجێگەیاندنی پەرستش بە شێوەیەکی ئازادانە و بە رێکخراوەیی بوونی کۆمەڵگەی موسڵمان زەوت دەکرێ. بە یاساکردنی ئەو رەشنووسە کە بە شێوەیەکی ئاشکرا پێچەوانەی مافەکانی مرۆڤ، ئازادی باوەڕ و بەھاکانی ئەوروپایە، دەبێتە وەشاندنی گورزێکی تووند بۆ سەر دیموکراسییەتی فەرەنسا".

ئەردۆغان هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە یاسایەکی لەم جۆرە، روونە ئاشکرایە کە دەبێتە ھۆی تێکدانی ئاسوودەیی لە نێو کۆمەڵگەی تورکی و ملیۆنەھا موسڵمانی فەرەنسا.

ئەردۆغان رووی دەمی کردە سەرۆککۆماری فەرەنسا و داوای لێکرد ژیرانە مامەڵە بکەن، هەروەها ئاماژەیکرد کە چاوەڕێ دەکەن حکومەتی فەرەنسا ئەو پرۆژەیاسایە هەڵبوەشێنێتەوە کە 12ی نیسان لە ئەنجوومەنی پیرانی وڵاتەکە پەسندکراوە.

رۆژی 12ی نیسانی 2021 ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا لە دەنگدانێکدا پرۆژەیاسایەکی پەسندکرد کە تێیدا سەرپۆش بۆ کچانی خوار تەمەنی 18 ساڵ قەدەغەەکراوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار