‌حکومه‌تى هه‌رێم ده‌وێت پێش 25 مانگ بودجه‌ له‌به‌غداوه‌ بگات

" بۆ که‌مکردنه‌وه‌ یان کۆتایى هاتنى لێبرینى موچه‌ چاوه‌رێى ئه‌نجامى سه‌ردانى وه‌فده‌که‌ى هه‌رێمه‌ بۆ به‌غدا"

4 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم
سه‌رچاوه‌یه‌کى ئاگادار له‌ حکومه‌تى هه‌رێم بۆ هاوڵاتى ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ به‌مه‌به‌ستى له‌یه‌کتێگه‌یشتن له‌سه‌ر میکانیزمى جێبه‌جێکردنى بودجه‌و ڕه‌وانه‌کردنى پشکى هه‌رێم، وه‌فدى ته‌کنیکى دواى پشووه‌کانى جه‌ژن ده‌گاته‌ به‌غدا و ده‌شڵێت:" هه‌رێم بۆ که‌مکردنه‌وه‌ یان کۆتایى هاتنى لێبرینى موچه‌ چاوه‌رێى ئه‌نجامى سه‌ردانى وه‌فده‌که‌ى هه‌رێمه‌ بۆ به‌غدا تا پێش 25 مانگ پاره‌ بگات".

ئه‌مڕۆ 13ى ئایارى 2021، سه‌رچاوه‌یه‌کى ئاگادار له‌ وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێم له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:" دواى جه‌ژن سه‌ردانى به‌غدا ده‌که‌ین به‌مه‌به‌ستى جێبه‌جێکردنى مادده‌ى 11 له‌ پرۆژه‌ بودجه‌ى عێراقدا که‌ حکومه‌تى هه‌رێم هه‌موو ئاماده‌ییه‌کى ده‌ربریووه‌ ئه‌وه‌ى له‌سه‌ریه‌تى وه‌ک خۆى جێبه‌جێى بکات".

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد که‌ بزانن به‌غدا ده‌یه‌وێت هه‌ژمارى بانکى له‌ هه‌ولێر یان به‌غدا یان تورکیا بکرێته‌وه‌ تا داهاتى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ به‌نرخى کۆمپانیاى سۆمۆى عێراقى بخرێته‌ سه‌ر ئه‌و هه‌ژماره‌ى دیارى ده‌که‌ن له‌گه‌ڵ داهاته‌ نانه‌وتییه‌ فیدراڵییه‌کان که‌ له‌سه‌دا 50% ده‌درێته‌ عێراق تا له‌به‌رانبه‌ردا پشکى هه‌رێم ره‌وانه‌ بکرێت.

هاوکات ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ حکومه‌تى هه‌رێم چاوه‌رێى ده‌رئه‌نجامى کۆبونه‌وه‌ى ئه‌و وه‌فده‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا تا بزانرێت له‌م مانگه‌دا که‌ى پشکى هه‌رێم ره‌وانه‌ ده‌کرێت و بڕه‌که‌ى چه‌ند ده‌بێت، وتیشى:" حکومه‌تى هه‌رێم ده‌یه‌وێت پێش 25 ئه‌م مانگه‌ پشکى هه‌رێم له‌ به‌غداوه‌ ره‌وانه‌ بکرێت بۆ ئه‌وه‌ى لێبڕینى موچه‌ به‌پێى ئه‌و بره‌ى ده‌گات کۆتایى پێ بهێندرێت یان له‌سه‌دا 21% لێبرین که‌مبکرێته‌وه‌، چونکه‌ هێشتا به‌رچاو روونى نییه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌".

ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى داهاته‌کانى ناوخۆى هه‌رێم زیادى کردووه‌و چه‌ندین په‌رله‌مانتار باس له‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ مانگانه‌ ده‌گاته‌ زیاتر له‌ 350 ملیار دینار مانگانه‌، به‌ڵام سه‌رچاوه‌که‌ى حکومه‌ت ئه‌وه‌ى روونکرده‌وه‌ که‌ داهاته‌کانى ناوخۆ زیادى کردووه‌ به‌ڵام ناگاته‌ ئه‌و بڕه‌، به‌ڵام له‌ 300 ملیار دینارى مانگانه‌ زیاتره‌.

حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌وه‌ى باسکردووه‌ که‌ مانگانه‌ 895 ملیار دینارى ته‌نها بۆ موچه‌ ده‌وێت، ناردنى پشکى هه‌رێم له‌م مانگه‌دا له‌گه‌ڵ داهاته‌کانى ناوخۆ ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ى موچه‌ به‌ته‌واوه‌تى بدرێت، سه‌رچاوه‌که‌ جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه‌ که‌ هه‌موو کوتله‌کانى ناو ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران (پارتى، یه‌کێتى، گۆران) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان لێبرینى موچه‌ کۆتایى پێبهێندرێت، به‌ڵام دواجار بڕى ئه‌و پاره‌یه‌ى له‌به‌رده‌ست حکومه‌تدا ده‌بێت ئه‌وه‌ یه‌کلایده‌کاته‌وه‌.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار