کازمی: لێکتێگەیشتنی باشمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دروستکردووە

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى 

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق وتارێکی پیشکێشکرد و رایگەیاند، لێکتێگەیشتنی باشیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دروستکردووە.

بەبۆنەی تێپەڕبوونی ساڵیك بەسەر پیکهێنانی کابینەی حکومەتەکەی و جەژنی رەمەزانەوە، لە وتارە کەیدا، مستەفا کازمی وتی "ئەم کابینەیە لە بارودۆخێکی نائاسایی ترسناک لەدایکبوو، عێراق لەو کاتەدا بەهۆی قەیرانێکی گەورە و چارەنووسسازەوە لەمەترسییەکی گەورەدابوو، ئەویش بەهۆی خراپ بەڕێوەبردن و نەبوونی ئیرادەی راستەقینە بۆ گۆڕانکاری و گەشەپێدان".

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەرکی سەرەکیی کابینەکەی بە دیاریکردنی هەڵبژاردنێکی بێگەرد و دادپەروەر ناوبرد و وتی: "لەو پێناوەدا رۆژی 10ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵمان دیاریکردووە بۆ ئەو هەڵبژاردنە و هەموو هەوڵەکانمانی بۆ دەخەینەگەڕ".

کازمی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی" بەڵێنی خۆمان بردووەتە سەر لەوەی بەشداریی ئەم هەڵبژاردنە نەکەم و پاڵپشتی هیچ حیزب یان لایەنێک لەدژی لایەنێکی دیکە ناکەم و هەڵبژاردنەکە دەپارێزین".

لەبارەی بەدیاردەی چەکداری، سەرۆکوەزیرانی عێراق وتی: "پار لەرێگەی پاڵپشتیکردنی هێزەکانی ئاسایش و گێڕانەوەی متمانە لەنێوان ئەمان و کۆمەڵگە، کارمان بۆ پتەوکردنی سەروەریی دەوڵەت و هێشتنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەت کردووە، لەپێناو رووبەڕووبونەوەی تیرۆر و چەکی بێ مۆڵەت و مافیاکانی تاوانکاری".

هەرچی پەیوەندیی بە هێرشەکانی داعشەوە هەیە، مستەفا کازمی رایگەیاند: "سەرکەوتووبوین لە کوشتنی والی عێراق و جێگری خەلیفە کە بە ئەبو یاسر عیساوی ناسراوە، لەگەڵ کوشتنی جێگری والی داعش لە عێراق، چەندین ئۆپەراسیۆن بۆ رووبەڕووبونەویان دەستپێدەکەین".

لەبارەی هێرشی سەر باڵیۆزخانەکانیش سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: "رووبەڕووی ئەو گرووپانە بووینەوە و سەدان کەسمان دەستگیرکردوون، لەوانەی لەیاسا لادەر و ئەندامانی گرووپەکانی مەرگ بوون کە خەڵکیان دەتۆقاند".

کازمی لەدرێژەی قسەکانیدا روونیکردەوە" پەیوەست بە رووداوەکانی تشرینی 2019 لیژنەیەکی باڵای وردمان پێکهێناوە و هیشتا داتا و زانیاریی کۆدەکاتەوە لەگەڵ شاهیدەکان و هەر کاتێک تەواوبوون راپۆرتەکەیان بڵاودەکرێتەوە".

لەبارەی پرسی گەندەڵی و دژایەتیکردنیدا وتی "ئەوەی لەیەکساڵ کردوومانە لەوە زیاترە کە لە 17 ساڵی پێشتر بۆ دژایەتی گەندەڵی کرابوو، هەموو ئەو پارانە دەگەڕێنینەوە کە دزراون". گوتیشی: حکومەت پابەندە بە گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و 90 لەسەدی کەمپەکانی ئاوارەکانیان داخستووە لەماوەی یەکساڵدا.

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، مستەفا کازمی روونیکردەوە"لێکتێگەیشتنی باشمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە وەکو سەرەتایەک بۆ چارەسەکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکان".

سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بە رێککەوتنی شنگال لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ وتی "چاودێریی رێککەوتنی شنگالمان کرد کە بەرپرسیارێتیی حکومەتی عێراقی بەرامبەر بەکەسوکارە ئیزدییەکانمان لە شنگال لەهەردوو ئاستی کارگێڕی و ئاسایش زیادکرد، بەچەشنێک رێگە دەدات بەگەڕانەوەی کەسوکارە ئاوارەکانمای لە شنگال بۆ شارەکەی خۆیان".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار