لە مێرسین چەند توركێك هێرشدەكەنە سەر خێزانێكی كوردی خەڵكی هەولێر

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
لە پارێزگای مێرسین لە توركیا، چەند توركێك، لەسەر رێگا، دوای قسە پێوتن و سوكایەتی هێرشیان كردۆتە سەر خێزانێكی كوردی گەشتیاری خەڵكی هەولێر، پیاوی خێزانەكەو كوڕێكیان برینداركردون
ئەو خێزانە کورد کە بۆ گەشت لە تورکیا بوون، كاتژمێر 16:00ی رۆژی پێنجشەممە 13-5-2021 کاتێک لە ئاداناوە بەرەو ئەنتاڵیا بەڕێکەوتبوون لەسەر رێگای سەرەكی شارۆچكەی ڤیراژلار لە پارێزگای مێرسین، لەلایەن چوار تورکەوە رێگرییان لێکرا و دوای سوكایەتیكردن و جنێودان بەكورد، خێزانە كوردەكەیان بەردباران كرد و پیاوی خێزانەكە و كوڕێكی 12 ساڵیان بریندار کرد. دواتر باوكەكە بەهۆی سەختی برینەكەیەوە رەوانەی نەخۆشخانە كرا.
هێزشکردنە سەر ئەو خێزانە هەولێرییە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ دامەزراوەیەکی فەرمی لەبارەی رووداوەکەوە راگەیێندراوی بڵاونەکردووەتەوە.
محەمەد ئەمین دەمیر، رۆژنامەنوس، لەگەڵ بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی ئەو خێزانە كوردەدا لەدوای ئەوەی هێرشیان كراوەتە سەر، رایگەیاندوە، خێزانەكە گەشتیارن و خەڵكی هەولێرن، لەلایەن چوار توركی "فاشیست"ەوە هێرشیان كراوەتە سەر.
ئۆتۆمبێلی ئەو خێزانە كورد لەسەر رێگا لەلایەن ئۆتۆمبێلی توركەكانەوە راگیراوەو دواتر هێرشیان كردونەتە سەرو قسەی زۆریان بە كورد وتوە.
سەبارەت بە هۆكاری روداوەكە، ئەو رۆژنامەنوسە، وتویەتی، هۆكارەكەی تەنها ئەوە بوە كە ژمارەی ئۆتۆمبێلەكەیان هەولێر بوەو خێزانەكەش كورد بون.
بەپێی قسەی محەمەد ئەمین دەمیر، هێرشكارەكان بەر لە هێرشكردنە سەریان، لەو خێزانە كوردەیان پرسیوە كە كوردن یاخود توركمان، دوای ئەوەی زانیویانە كوردن، ئینجا هێرشیان كردونەتە سەرو لێیان داون.
ئەمڕۆ شاندێکی بارۆی ئامەد چوونەتە بۆ مێرسین، بە مەبەستی هاوکاریکردنی ئەو خێزانە کوردەی شاری هەولێر، کە لەو شارەدا لەلایەن چەند توركێكەوە پەلاماردران.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک، کە لەلایەن بارۆی ئامەد بڵاوکراوەتەوە، ئەمڕۆ هەینی 14ی ئایاری 2021، ناهید ئەرەن سەرۆکی بارۆی ئامەد بە سەرۆکایەتی شاندێک لە پارێزەران بەمەبەستی هاوکاریکردنی ئەو خێزانە کوردە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە چوونەتە شاری مێرسین.
ئەمە یەکەمینجار نییە گەشتیار و کرێکارانی کورد لە شارەکانی تورکیادا رووبەڕووی هێرشی نەژادپەرستی دەبنەوە. ساڵی رابردوو کرێکارێکی کورد لە پارێزگای ساکاریا کوژرا و لە مانگی تەمموزی ئەمساڵیش لە پارێزگای یۆزگات هێرشکرایەسەر ژمارەیەک کرێکاری کورد، کە لە دارستانەکانی ئەو ناوچەیەدا کاریان دەکرد.
