هەپەگە زانیاریی لەسەر شەڕی کێستە بڵاودەکاتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ناوەندی ڕاگەیاند و چاپەمەنیی هەپەگە ڕاگەیەندراوی ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی چالاکییەکانی گەریلاکانیانی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، تا ئێستا شەڕ لە زناری کێستە بەردەوامە و تورکیا دەیانەوێت گوندەکانی سنوورەکە داگیربکەن.
ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیەند و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا باسی شەڕی بەیانی ئەمڕۆی کردووە لە زناری کێستە و ڕایگەیاندووە: لە کاتژمێر ١٠:٠٠ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ١٤ی ٥ی ٢٠٢١ەوە سوپای تورکیا هەوڵدەدات بچێتە ناو گوندەکانی ئاشوریی و کێستە-وە، هێزەکانمان ڕووبەڕوویان وەستاونەتەوە و تا ئێستاش شەڕ لەو سنوورە بەردەوامە.
هەپەگە ڕایگەیاندووە، لە هەر پەرەسەندێکی نوێدا نوێترین زانیارییەکان لەبارەی شەڕی زناری کێستە بۆ گەلەکەمان و ڕایگشتیی بڵاودەکەینەوە.
باسی لەوەشکردووە لەسەر سنوور چالاکییەکی کاریگەریان دژی سوپای تورکیا ئەنجامداوە و چەندین داگیرکەر سزادراون.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هەپەگە ڕاشیگەیاندووە: هێزەکانمان دوێنێ ١٣ی ٥ی ٢٠٢١ لە چوارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی لە ناوچەی سەرحەد-ی باکوری کوردستان چالاکییەکیان لە ناوچەی سنووریی گورجوبوولاک لەدژی سوپای تورکیا ئەنجامداوە و ئوتۆمبێلێک و بنکەیەکیان تەقاندووەتەوە و گورزیان لە ئۆتۆمبێلێک و دوو سەنگەری دیکەی دوژمن داوە.
ڕوونیشیکردووەتەوە، لەو چالاکییەدا کە هێزەکانی گەریلا لە دوو لاوە لە سوپای تورکیان داوە، لە ئەنجامدا چەندین سەربازی سزادراون کە دەوڵەتی تورکیا تەنها ناسنامەی یەکێکیان ئاشکراکردووە بەناوی وەلی قلابانی.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگە دوێنێ ١٣ی ٥ی ٢٠٢١ لە نێوان کاتژمێر ١٠:٢٠ خولەکی شەو بۆ ١٢:٣٠ خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ناوچەکانی شوکێ و مەرڤانۆس لە سنووری ناوچەی ئاڤاشین لەلایەن هێلیکۆپتەرەکانی سوپی تورکیاوە بۆردوومان کراون و پاشان داگیرکەرانیان لەو ناوچانە داگرتووە.
