پەرلەمانتارێك: عێراق سیستمی بەرگری ئێس-400ی ڕوسی دەكڕێت

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

پەرلەمانتارێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی رایگەیاند عێراق دووبارە باس لە کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانی دەكات، قسە لەسەر ئەگەری کڕینی ئێس-400ی ڕوسییە،  لە چەند مانگی داهاتوودا عێراق لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای گرنگدا گرێبەست دەکات بۆ کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتوو.

نایف شەمەری لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ یەكشەممە، 16ئایاری 2021 لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی،"لە یاسای بودجەی 2021دا بودجەی تایبەت تەرخانکراوە بۆ پەرەپێدانی سیستمی بەرگریی وڵات بە چەکی پێشکەوتوو، بۆ ئەو مەبەستە لیژنەکەیان کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری بەرگری و فەرماندەی بەرگریی ئاسمانی ئەنجامداوە".

 ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەوەشكردۆتەوە" ئەمریكا لە هەنگاوێكی لەوجۆرە نیگەرانە و هەڕەشەی سزادانی بەغداد دەكات".

جێگری سەرۆکی لیژنەی بەرگریی پەرلەمانی عێراق ڕاشیگەیاند، لە چەند مانگی داهاتوودا عێراق لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای گرنگدا گرێبەست دەکات بۆ کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتوو.

باسیلەوەکردووە، ئەو گرێبەستانە بەتەواوی لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی وەزارەتی بەرگریدایە و “ئێمە لە لیژنەی بەرگریی پەرلەمان تەنها چاودێریی گرێبەستەکان دەکەین”.

پێشتریش بەشێك لە پەرلەمانتارانی عێراق باسیان لە كڕینی سیستمی بەرگریی ئێس-400ی ڕوسی كردبوو، ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییە عێراقی و ئەمریكییەكان ویستی عێراقیان لەوبارەیەوە ئاشكراكردبوو.

بەڵام هەرزوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە ئەگەری کڕینی سیستمی بەرگریی ئێس-400ی ڕوسی، سزا بەسەر عێراقدا دەسەپێنن.

ساڵی ڕابردوو مۆسکۆ ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی سیستمی بەرگریی عێراق و هاریکاریی سەربازی دەربڕی.

لە ساڵی 2017دا عێراق هەوڵی کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ڕوسیی دا، بەڵام هەڕەشەکانی سەپاندنی سزای ئابوری لەلایەن ئەمریکاوە، گفتوگۆکانی لەوبارەیەوە ڕاگرت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار