عه‌لی حه‌مه‌ساڵح داوای پشتیوانی بۆ پڕۆژەیەکی بازرگانی دەکات
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ئه‌ندامێكی فراكسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان داوای پشتیوانی بۆ شاری "بیست بیست" دەکات و رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و پرۆژه زیاتر له سێ ملیار دۆلاری ساڵانه جوڵه‌ی بازرگانی و داھاتی وه‌به‌رھێنان دروستده‌كات.
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح په‌رله‌مانتاری گۆڕان، له‌هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك له‌ژێر ناونیشانی " دلسۆزانی سلێمانی.. پشتیوانی ئه‌م پرۆژه گه‌وره‌ترین خزمه‌تی سلێمانی ده‌كات" نوسیویه‌تی، "ئه‌و پرۆژه گه‌وره‌یه زیاتر له‌یه‌ك ملیار دۆلار داھاتیه‌تی و 50.000 (په‌نجا) ھه‌زار ھه‌لیكار دابینده‌كات و زیاتر له سێ ملیار دۆلاری ساڵانه جوڵه‌ی بازرگانی و داھاتی وه‌به‌رھێنان دروستده‌كات".
راشیگه‌یاند، "ئه‌م پرۆژه‌یه پێده‌وترێت شاری بیست بیست، ساڵی 2007 له‌سه‌ر ڕێگای عه‌ربه‌ت - سلێمانی له‌سه‌ر ڕوبه‌ری 22 ھه‌زار دۆنم زه‌وی دیزاینی بۆ كراوه، شارێكی ھاوچه‌رخ به خزمه‌تگوزاری و بازرگانی و پیشه‌سازی".
ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه، "ورده‌كاری ئه‌م پرۆژه زۆره، به‌م دۆخه‌ش پێویستی به ھه‌ندێك گۆڕانكاریه، ئه‌مڕۆ بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ورده‌كاری ئه‌م پرۆژه‌یه و چه‌ند بابه‌تێكی دیكه له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و ئه‌ندامانی ژوری بازرگانی كۆبومه‌وه، به‌دڵنیایی ئه‌م پرۆژه‌یه له چه‌ندین ڕوه‌وه سلێمانی ده‌باته قۆناغێكی تره‌وه".
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "ئه‌م پرۆژه ته‌رخانكردنی ھیچ بڕه پاره‌یه‌كی پێویست نیه و دیمه‌نێكی زۆر جوان ده‌به‌خشێته سلێمانی وه‌ك شارێكی مۆدێرن، زیاتر له یه‌ك ملیار دۆلار داھات بۆ خه‌زێنه‌ی گشتی سلێمانی په‌یداده‌كات (پلانی تۆكمه بۆ شێوازی ده‌ستخستنی ئه‌م داھاته ھه‌یه)، نزیكه‌ی 50 ھه‌زار ھه‌لیكار دروستده‌كات و به‌رده‌وام له زیادبونه، ساڵانه سێ ملیار دۆلار بۆ جوڵه‌ی بازرگانی و داھاتی ناوخۆی كه‌رتی تایبه‌ت زیادده‌كات، به‌جۆرێك سلێمانی ده‌بێته ناوندێكی گه‌وره‌ی پیشه‌سازی و بازرگانی له عێراق".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی گۆڕان ئاشكراشیكردوه، "22 ھه‌زار دۆنم زه‌وی له ڕێگای سلێمانی - عه‌ربه‌ت بۆ ئه‌م پرۆژه ستراتیژیه ته‌رخانكراوه، چه‌ندین كه‌س پلانیان ھه‌یه به‌شێوه‌یه‌كی ھه‌ڕه‌مه‌كی و ناشرین بیكه‌ن مه‌خزه‌ن و جه‌مه‌لۆن و شتی دیكه بۆ كۆكردنه‌وه‌ی داھاتی ناشه‌رعی، وه‌ك ئه‌و مه‌خزه‌ن و گۆڕه‌پانه ته‌جاوزانه‌ی ئێستا كراون، له‌گه‌ڵ به‌رپرسان و بڕیار به‌ده‌ستاندا ھه‌مو ھه‌وڵێك ده‌ده‌ین ئه‌م خزمه‌ته گه‌وره به‌م شاره‌یه بكرێت".
