بایدن بۆ نەتانیاهۆ: پشتیوانی ئاگربەست دەکەین

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
جۆ بایدن کۆشکی سپی ڕایگەیاند، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلدا ئەنجامداوە و پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەکانی بەدیهێنانی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین دەربڕیوە.
کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا جۆ بایدن پشتیوانی جێگیری خۆی بۆ مافی ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لە هێرشی موشەکی دوپاتکردوەتەوە و پێشوازی لە هەوڵەکانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی ڕەگەزی و گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ قودس کرد و داوای لە ئیسرائیل کرد هەمو هەوڵەکانی خۆی بۆ پاراستنی خەڵکی سیڤیلی بێتاوان بدات.
شەڕی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین لە هەفتەی دووەمیدایە.
بەپێی راگەیێندراوی کۆشکی سپی لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، جۆ بایدن باسی لە هەوڵەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ میسر و هاوبەشەکانی دیکەی کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە "شەڕی خوێناویی" ئیسرائیل و حەماس لە غەززە.
ئەوە لەکاتێکدایە تاوەکو ئێستا بایدن نەچووەتە ژێر باری داخوازیی بەشێک لە سەرکردەی وڵاتان و بەشێک لە ئەندامانەی پارتەکەی خۆی کە پارتی دیموکراتەکانە بۆ ئەوەی داوای راگەیاندنی دەستبەجێی ئاگربەست لە ئیسرائیل بکات.
لەلایەکی دیکەوە میسر دەیەوێت رۆڵی هەرێمایەتیی خۆی بگێڕێتەوە بە نێوەندگیریی فەلەستین و ئیسرائیل بۆ راگەیاندنی ئاگربەست. لەکاتێکدا بەپێی دوایین ئامارەکانی تەندروستیی فەلەستین، زیاتر لە 210 کەس لە غەززە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەستداوە کە زیاتر لە 60 کەسیان منداڵن.
شەوی رابردووش، ئاریا شالیکار، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا 10 ئیسرائیلی بە مووشەکەکانی حەماس گیانیان لەدەستداوە.
شەوی رابردوو بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دووبارەی کردەوە کە وڵاتەکەی "بەردەوام دەبێت لە بەئامانجکردنی پێگەی تیرۆریستان" کە نەتەنیاهوو مەبەستی لێی بنکەکانی حەماس و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەو بزووتنەوەیە بوو لە فەلەستین.
بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەهۆی شەڕەکەوە نزیکەی 40 هەزار فەلەستینی ئاوارەبوون و نزیکەی دوو هەزار 500 کەسی دیکەش بەهۆی بۆردوومانەکانەوە بێ ماڵ بوون و ماڵەکانیان خاپوور بوونە.
ئیسرائیل دەڵێت، تاوەکو ئێستا گرووپە چەکدارەکان سێ هەزار و 350 مووشەکیان ئاراستەی وڵاتەکە کردووە کە بەهۆی سیستمی بەرگریی مووشەکیی ئیسرائیلەوە نزیکەی 90%یان لە ئاسمان تەقێندراونەتەوە.
شەڕی ئیسرائیل و حەماس دوای ئەوە هات لە 7ـی ئەم مانگە لە مزگەوتی ئەقسا رووبەڕووبوونەوە لەنێوان پۆلیسی ئیسرائیلی و نوێژخوێنان دروستبوو و دواتر بۆ هێرشی مووشەکی سەری کێشا.
لە راگەیێندراوی کۆشکی سپیدا ئەوەشهاتووە، بایدن پشتیوانیی خۆی بۆ مافی ئیسرائیل لەپێناو بەرگریکردن لە خۆی دووپاتکردەوە لە بەرامبەر هێرشە مووشەکییە هەڕەمەکییەکاندا. هاوکات بایدن داوای لە ئیسرائیل کردووە هەوڵی پاراستنی خەڵکی سڤیل بدات.
لە راگەیێندراوی کۆشکی سپیدا ئەوەشهاتووە، بایدن پشتیوانیی خۆی بۆ مافی ئیسرائیل لەپێناو بەرگریکردن لە خۆی دووپاتکردەوە لە بەرامبەر هێرشە مووشەکییە هەڕەمەکییەکاندا. هاوکات بایدن داوای لە ئیسرائیل کردووە هەوڵی پاراستنی خەڵکی سڤیل بدات.
