كازمی پێنج وەزیری كابینەكەی دەگۆڕێت
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
بەرپرسێکی باڵای ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی رایگەیاند:" مستەفا کازمی سەرۆک وەزیری عێراق بەمنزیکانە نیازی ئەنجامدانی گۆڕانکاریی وزاریی هەیەو بۆئەو مەبەستەش دەیەوێت پێنج لەوەزیرانی کابینەکەی بگۆڕێت".
ڕەحیم عەبدودی ئەندامی دەستەی گشتی ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ئایاری 2021 ڕایگەیاند، "مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە هەریەک لەوەزیرەکانی دارایی، تەندروستیی، کشتوکاڵ، پیشەسازییو بازرگانی بگۆڕێت، بەشێوەیەک داواکاری گۆڕینیان ڕەوانەی یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران لەدوای جەژنی ڕەمەزان بکات".
باسی لەوەشکرد، پێدەچێت گۆڕینی ئەو وەزیرانە بەدووجار ئەنجامبدرێت، بەشێوەیەک سەرەتا وەزیرانی تەندروستی (دەستلەکارکێشاوە)و کشتوکاڵو پیشەسازیی بگۆڕدرێنو دواتر گۆڕانکارییەکە هەریەک لەوەزیرانی داراییو بازرگانی بگرێتەوە.
عەبودی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو گۆڕاکارییە وزارییە لەسەر پێشنیازی کوتلەی سائیرونی سەر بەموقتەدا سەدرو بەپشتیوانی سەرۆک وەزیران دەکرێت.
وتوشیەتی:"ئەو جوڵەیە لەچوارچێوەی ئامادەکارییەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنو ئامادەکارییە بۆ دەستنیشانکردنی کابینەی داهاتووی حکوومەت".
بەرپرسەكهی ڕەوتی حیکمە ڕونیکردۆتەوە، بەشێک لەلایەنە سیاسییەکان لەئێستاوە لەنێوان خۆیاندا باس لەدیاریکردنی ناوی سێ سەرۆکایەتییەکانو کاندیدانی پۆستە وزارییەکان دەکەن.
