پەرلەمان لەساڵیادی یەكەمین هەڵبژاردنیدا پەیامێكی بڵاوكردەوە

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

بەبۆنەی بیست و نۆھەمین ساڵڕۆژی ئەنجامدانی یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، پەرلەمان پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان خواستی گەلێكی ستەملێكراو بوو بۆ دیموكراسییەت و بەدەستهێنانی مافە‌ سیاسی و مەدەنی و فەرهەنگییە زەوتكراوەكانی.

دەقی پەیامەكە:

پەیامی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەبۆنەی ساڵیادی یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان

بەبۆنەی (29) بیست و نۆھەمین ساڵڕۆژی ئەنجامدانی یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستەی سەرجەم كوردستانییانی ئازیزو خۆشەویست دەكەین.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەھەلومەرجێكی سەخت و دژواری سیاسی، ئابووری، ناسەقامگیر و تەژی لەئاڵنگاریی ناوخۆیی و ئیقلیمی، بڕیارێكی بوێرانەی بەرەی كوردستانی و سەركردایەتیی سیاسی بوو، لەپێناو بەدیھێنانی ئامانجە مێژووییەكانی گەلەكەماندا.

هەڵبژاردنی پەرلەمان و متمانەدان بەكابینەی یەكەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەرچەرخانێكی گەورەو بەرجەستەكردنی ئیرادەو خواستی گەلەكەمان بوو بۆ خۆبەڕێوەبەری، هاوكات خواستی گەلێكی ستەملێكراو بوو بۆ دیموكراسییەت و بەدەستهێنانی مافە‌ سیاسی و مەدەنی و فەرهەنگییە زەوتكراوەكانی.

لەئێستاشدا پەرلەمانی كوردستان، وەك دامەزراوەیەكی دەستووریی هەرێم، لەسنووری دەستڕۆییەكانی خۆیدا بەبێ جیاوازی ئاین، نەتەوەو ئینتیمای سیاسی، هەوڵدەدات بۆ بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییە‌ باڵاكان و نوێنەرایەتیكردنی هاووڵاتییان لەبەدیهێنانی ماف و داخوازییە ڕەواكانیان و بەجێھێنانی ئەركە یاسایی و دەستوورییەكانی.

لەم یادە پیرۆزەدا سەری ڕێزو نەوازش بۆ سەرجەم شەهیدانی كوردستان دادەنەوێنین،  كەدەستكەوتەكانی دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەرھەمی خوێنی گەشی شەھیدانە، دروود بۆ ڕۆحی پاك و بەرزەفڕیان.

سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار