رێباز حەملان: بەپێی ئەو داهاتەی هەمانە ڕێژەی لێبڕین دیاریدەكەین

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری وەبەرهێنان و راژەی گشتی ئاشکرایدەکات وەزارەتی دارایی و ئابووری چەند رۆژێکە لیستی نەناردووە بۆ خەزێنەکان، بۆ ئەوەی "تاوتوێی خۆی بکات هەوڵبدات بە زووترین کات ئەو داهاتەی لەبەردەستیدایە بزانێت چەندە، بەپێی ئەوە لێبڕینەکە دیاریدەکرێت".
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری وەبەرهێنان و راژەی گشتی ئهمڕۆ چوارشهممه 19ى ئایارى 2021، له کۆنفرانسى یهکریزى و دهستور رایگەیاند: "دوای پەسندکردنی بودجە دەبوو حکومەتی عێراق ئەو رێنوێنیانەی کە دەریکردوون بۆ جێبەجێکردنی بودجە جێبەجی بکات. ئەو بەشەی کە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، کە داوای شاندی هەرێمی کوردستان بکەن بە تایبەت شاندی تەکنیکی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بۆ ئەوەی بچێتە بەغدا لەسەر شێوازی جێبەجێکردنی یاسای بودجە لەگەڵ حکومەتی عێراق بە تایبەت وەزارەتە پەیوەندیدارەکان قسە بکەن. هەر بۆ ئەو مەبەستەش شاندی ئێمە لەبەرنامەیدا هەیە هەفتەی داهاتوو بچێتەوە بەغدا".
لەبارەی دواکەوتنی بودجە بۆ ئەو مانگە و دابەشکردنی مووچە، رێباز حەملان وتی: "ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامین لە پێدانی مووچە، چاوەڕێی بەغدامان نەکردووە ماوەی چوار مانگە خۆمان مووچەمان داوە لەسەر ئەو داهاتەی هەمانە لە نەوت و باج و دەروازە سنوورییەکان و لەو رسووماتانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیەتی".
سەبارەت بە لێبڕینی مووچە و ئەگەری لابردنی یان کەمکردنەوەی، رێباز حەملان وتیشی: "ئەوەی بەغدا ئەگەر بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە هێشتا ئەو ژمارەیە دیار نییە کە حکومەتی عێراق چەند دەنێرێت لە چوارچێوەی بودجە، ئەگەر ئەو بەشەی نارد لەگەڵ ئەو داهاتەی کە لەبەر دەستمان دەمێنێتەوە، وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی و ئابووری لەلایەن جەنابی سەرۆکوەزیرانەوە سەرپشککراون کە 30 رۆژ جارێک مووچە بدرێت، هەروەها ئەو لێبڕینە ئەگەر ئەو داهاتە بەشیکرد نەمێنێت، ئەگەر بەشی نەکرد رێژەکەی زۆر کەمدەبێتەوە".
