لە کەرکوک ژمارەیەک حەشارگە و تونێلی چەکدارانی داعش تەقێنرایەوە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق تەقاندنەوەی ژمارەیەک حەشارگە و تونێلی چەکدارانی داعشی لە کەرکوک راگەیاند.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق بڵاویکردەوە: "لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی هێزە هاوبەشەکان لە کەرکوک، نۆ حەشارگە، سێ تونێل و 15 بۆمب تەقێنرانەوە و دەستبەسەر 127 مووشەک و دوو ماتۆڕسکیلی چەکدارانی داعش داگیرا".
تەحسین خەفاجی، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ئاشکرایکرد، چەکدارانی داعش لە چەند ناوچەیەکی کەرکوک هەوڵی خۆڕێکخستنەوە دەدەن.
لەلایەکی دیکەوه دەزگای هەواڵگری سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عیراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیداوە، پاڵپشت بە زانیاری هەواڵگری و بە بڕیاری دادگا لە چەند شوێنێکی جیاوازی کەرکوک توانیویانە شەش داواکراو بە ماددەی تیرۆر دەستگیر بکەن، کە سەرجەمیان سەر بە رێکخراوی داعش بوون.
هەروەها ئاماژەیداوە، یەکێک لە دەستگیرکراوەکان بەرپرسی پشتیوانی لۆجستی چەکدارانی رێکخراوەکە بووە لە کەرکوک، یەکێکی دیکەشیان یەكێکە لە بکەرانی کۆمەڵکوژییەکەی سپایکەر و سێیەمیشیان بەرپرسی سووتەمەنی بووە لە رێکخراوەکە.
رۆژی چوارشهممه 19ی ئایاری 2021، هێزەکانی سوپای عیراق بە هاوبەشی لەگەڵ پۆلیس و حەشدی شەعبی، ئۆپەراسیۆنی سەربازییان لە ناوچەکانی وادی شای، وادی زەغیتون و گوندی سادە تا گوندی عەسری، لە سنووری پارێزگای کەرکوک بۆ كێوماڵكردنی چهكدارانی داعش دەستپێکرد.
