پارێزەرانی سزادراوانی بادینان تانە لە بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوە دەدەن

4 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
پارێزەرێکی سزادراوانی بادینان، ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ گروپێك لە پارێزەرانین چەند كاتژمێرێكی دیكە دەچینە دادگای پێداچونەوە و تانەی خۆمان لە بڕیاری پەسەندكردنی سزادراوان پێشکەش دەکەین بە هۆكاری نەبونی بەڵگەی یاسایی".
محەمەد عەبدوڵڵا، یەکێک لە پارێزەرانی پێنج چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسەکەی بادینان لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت" ئەمڕۆ لە دادگای پێداچوونەوە تانە لە بڕیاری پەسەندکردنی سزای زیندانی ئەو سزادراوانە پێشکەش بەدادگاكە دەکەن، بەهۆی بوونی چەندین هەڵەی یاسایی.
ئەم پارێزەرە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد ئەمڕۆ تیمەكەیان لە شەش پارێزەر پێكهاتون و دەژنە دادگای پێداچونەوەی تانەكەی خۆیان دەگەیەنن.
محەمەد عەبدوڵڵا ی پارێزەر ئەوەشی خستەڕوو یەکێک لەو خاڵانەی پشتیان پێبەستووە لە تانەکەیاندا، دادگای پێداچوونەوە بێئەوەی نوێنەریان لە ئاسایش هەبووبێت لەکاتی لێکۆڵینەوەدا، باسیان لەوەکردوە، کە سزادراوانی بادینان بە ویست و خواستی خۆیان وتەکانیان لێوەرگیراوە و واژۆیان لەسەر وتەکانیان کردوە، کە ئەوەش ڕاستنییە، “چونکە پێشتر ئەو سزادراوانە لەبەردەم سەرۆک و ئەندامانی دادگای تاوانی دووی هەولێر، جەختیان لەوەكردبووەوە لەژێر هەڕەشەی جەستەیی و هەڕەشەی ناموس ناچاربوون ئەو شتانە واژۆ بکەن کۆ بۆیان نوسراوە”.
ئەو پارێزەرە زیاتر وتی: خاڵێکی دیکە، کە پشتیان پێبەستووە، ئەوەیە كە “ناکرێت ئاسایش خۆی سکاڵاکار بێت و هەر خۆشی لە ڕۆژی دانیشتنی دادگادا بەشێک بێت لە دادگا”.
مانگی ڕابردو دادگای پێداچوونەوەی هەرێم، سەرەڕای بوونی نیگەرانییەكان دژ بە پەسەندکردنی بڕیاری داداگای هەولێر بۆ سزادانی پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاکوانەکەی بادینان بە سزای شەش ساڵ زیندانیکردن، بە واژۆی سێ دادوەری دادگای پێداچوونەوەی هەرێم لە کۆی پێنج دادوەر، سزای زیندانیكردنی دەستگیركراوانی بادینانی بەشەش ساڵ پەسەند کرد، ئەوەش كاردانەوەی ناوخۆیی لە هەرێم و دەرەوە لێكەوتەوە.
