بایدن: رێگە بە حەماس نادەین جبەخانەی چەکەکانی دروستبکاتەوە
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، کارێک دەکەین رێگە بە حەماس نەدرێت جبەخانەی چەکەکانی دروستبکاتەوە.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پابەندبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بە کارکردن لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پێشکەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بە گەلی غەززە دووپاتکردەوە و، راشیگەیاند، سەرجەم کارەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتی فەلەستینی دەبێت نەک لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس.
لەبارەی ئاگربەست و رۆڵی چەند وڵاتێکی ناوچەکەوە، جۆ بایدن وتی" ئێمە کاتژمێر گفتوگۆی چڕ و ئاست بەرز لەگەڵ میسر، دەسەڵاتی فەلەستینی و چەند وڵاتێكی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستمان ئەنجامداوە تاوەکو رێگری لە سەرهەڵدانەوەی قەیرانەکان لەو ناوچەیە بکەین. سوپاسی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی میسر و وڵاتانی دیکەش دەکەم کە بەشداربوون لە گەیشتنمان بەم ئەنجامە".
سەرۆکی ئەمریکا سەرەخۆشی ئاراستەی خێزانە ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان کرد و وتی: "ئەمریکا پابەندە بە کارکردن لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پێشکەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بە گەلی غەززە و هەروەها بۆ بنیاتنانەوەی کەرتەکە. ئەو کارە بە هاوبەشی لەگەڵ دەسەڵاتیی فەلەستینی ئەنجامدەدەین نەک بزووتنەوەی حەماس؛ ئێمە ئەو کارە بەجۆرێك ئەنجامدەدەین کە رێگە بە حەماس نەدرێت جبەخانەی چەکەکانی دروستبکاتەوە".
حکومەتی ئیسرائیل و بزووتنەوەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی رەزامەندییان پێشاندا بۆئەوەی ئاگربەست رابگەیێنن، ئەوەش بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕی 11 رۆژەی نێوانیان.
رۆژی پێنجشەممە 20-5-2021 نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل بە زۆرینەی دەنگ رەزامەندی لەسەر پێشنیازەکەی میسر بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی بێ مەرج راگەیاندووە.
دواتر هەردوو بزووتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی لە رێگەی بڵاوکردنەوەی راگەیێندراوێکەوە ئاماژەیان بەوەکرد، ئاگربەستەکە لە کاژێر 02:00ـی بەرەبەیانی رۆژی هەینی دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
گرژییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل 10ـی ئەم مانگە دەستیانپێکرد، کاتێک کە ئیسرائیل هێزی دژی خۆپیشاندەرانی رۆژهەڵاتی قودس-ئورشەلیم بەکارهێنا کە دژی بڕیاری دادگەیێکی ئیسرائیل بۆ چۆڵکردنی گەڕەکی شێخ جەڕاح بە فەلەستینییەکا ناڕەزاییان دەردەبڕی.
دوای ئەوە، حەماس ژمارەیەک مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد. لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانی کەرتی غەززە کرد.
تاوەکو ئێستا، بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە، 213 هاووڵاتیی فەلەستینی کوژراون کە 65 یان منداڵ و 36ی دیکەیان ژن بوون، ئەمە جگە لەوەی کە هەزار و 900 کەسی دیکە برینداربوون. لە ئیسرائیلیش، بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی حەماسەوە 12 ئیسرائیلی کوژراون کە دووانیان منداڵ بوون.
