یە‌كگرتوو: سەرکەوتنی حەماس و فەلەستین سەرەتایەکە بۆ لاوازبوونی رژێمە دیکتاتۆر و کۆنەپەرستەکان

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

سە‌رۆكی ئە‌نجوومە‌نی سەرکردایەتی یە‌كگرتوو رایگەیاند، سەرکەوتنی حەماس و گەلی فەڵەستین رەنگدانەوەی ھەمەلایەنەی دەبێت لەسەر ھاوکێشە سیاسییەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و لاوازبوونی رژێمە دیکتاتۆر و کۆنەپەرستەکان.

هادی عەلی، سە‌رۆكی ئە‌نجوومە‌نی سەرکردایەتی یە‌كگرتوو لەبارەی ئاگربەستی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل رایگەیاند "ئەم سەرکەوتنە گەورەیەی لەم شەڕەدا حەماس و گەلی فەڵەستین بەدەستیانھێنا، رەنگدانەوەی ھەمەلایەنەی دەبێت لەسەر ھاوکێشە سیاسییەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و لاوازبوونی رژێمە دیکتاتۆر و کۆنەپەرستەکان".

سە‌رۆكی ئە‌نجوومە‌نی سەرکردایەتی یە‌كگرتوو دەشڵێت، ئەمەش "بێگومان سەرەتایەکی باش دەبێت بۆ گۆڕانکاریی گەورە لە بەرژەوەندیی گەلانی ناوچەکە".

شەوی رابردوو حکومەتی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس رەزامەندییان نیشاندا بۆئەوەی ئاگربەست رابگەیێنن، ئەوەش بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕی 11 رۆژەی نێوانیان. سەرچاوەیەکی دیپلۆماتیش ئاماژەی بەوە کرد، میسر چاودێریی ئاگربەستەکە دەکات.

نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل بە زۆرینەی دەنگ رەزامەندی لەسەر پێشنیازەکەی میسر بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی بێ مەرج راگەیاندووە.

تاوەکو ئێستا، بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە، 213 هاووڵاتیی فەلەستینی کوژراون کە 65یان منداڵ و 36ی دیکەیان ژن بوون، ئەمە جگە لەوەی کە هەزار و 900 کەسی دیکە برینداربوون. لە ئیسرائیلیش، بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی حەماسەوە 12 ئیسرائیلی کوژراون کە دووانیان منداڵ بوون.

گرژییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل 10ـی ئەم مانگە دەستیانپێکرد، کاتێک کە ئیسرائیل هێزی دژی خۆپێشاندەرانی رۆژهەڵاتی قودس/ئورشەلیم بەکارهێنا کە دژی بڕیاری دادگاییەکی ئیسرائیل بۆ چۆڵکردنی گەڕەکی شێخ جەڕاح ناڕەزاییان دەردەبڕی. 

دوای ئەوە، حەماس ژمارەیەک مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد. لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانی کەرتی غەززە کرد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار