وەزیری پەروەردە هۆکاری دانەمەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ ئاشکرادەکات

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ تەنها وابەستە نییە بە وەزارەتی پەروەردەوە، بەڵکو وابەستەیە بە کۆی گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوەش واقیعی دۆخەکەیە کە لەڕووی داراییەوە هەموو لایەک پێی ئاشنایە.
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند پلانیان هەیە بۆ قەرەبووکردنەوەی زەرەر و زیانەکانی کۆرۆنا کە لە کەرتی پەروەردەی داوە، بەڵام جێبەجێکردنەکەی کاتی دەوێت و کاری لەسەر دەکەن.
وتیشی:"ئێمە ساڵێکی ئاساییمان بەرێ نەکردووە، بەڕێنەکردنی ساڵی ئاسایی بۆخۆی ئەوە دەگەیەنێت کە کۆرۆنا زەرەری لێداوین، بەڵام وەزارەتی پەروەردە پلانی هەیە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زەرەر و زیانانە".
ئالان حەمە سەعید دەربارەی ئەوەی بەپێی هەڵسەنگاندنەکان زیانەکان چی بوون رایگەیاند "دەبێت هەڵسەنگاندنێکی ورد بکرێت بۆ قەبارەی زیانەکان، هەرکەسێک ئێستا قسەی لەسەر بکات دەبێتە قسەی میزاج و منیش لە ئاستێکدانیم لەسەر بنەمای میزاج قسەبکەم، ئەگەر بڵێم پرۆسەکە سەد لەسەد تەواوە ناکرێت، ئەگەر بشڵێم پرۆسەکە کەموکوڕی تێدایە دەبێت بڵێم کەموکوڕییەکان لە کوێدان، ئەمە بابەتێکە دەتوانین لە داهاتوو بەزانستی هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین و دیاریی بکەین لە کوێدا زەرەرمان کردووە و پێویستمان بە چییە".
وەزیری پەروەردە دەشڵێت:" لە ئێستادا هەوڵێک نییە بۆ وەستاندنی تەواوەتی دەوامی قوتابخانەکان. بەڵام لە قۆناغی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا-دا ناتوانیت پێشبینی زیاتر لە هەفتەیەکی دیکە بکەیت. تا ئێستاش رەوشی خوێندن ئاسایی نەبووەتەوە و ئەمەش بە مانای ئەوە دێت کە پەتاکە بەشێوەیەکی نەرێنی کاریگەری لەسەرمان دروستکردوە بەڵام وەک وەزارەت کۆمەڵێک پلانمان هەیە بۆ کەم کردنەوەی کاریگەرییەکان".
