كۆنفرانسی "سنورێك بۆ گەندەڵی" لە عێراق بەڕێوە دەچێت
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
بەرپرسی بەرنامەکانی پەرەپێدانی عێراق سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممە نەتەوە یەکگرتووەکان بە هاوبەشی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا، کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بۆ خستنەڕووی بەرنامەی ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی لە عێراق ڕێکدەخات.
ئەمڕۆ یەكشەممە، 23 ئایاری 2021 زینە عەلی ئەحمەد، نوێنەری بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ڕایگەیاند، “نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرنامەکانی پەرەپێدانی عێراق، بە هاوبەشی لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا، ڕۆژی دووشەممە کۆنفرانسێک ڕێکدەخات بۆ خستنەڕووی بەرنامەیەک بەبڕی 15 ملیۆن یۆرۆ، بە ئامانجی دانانی سنوورێک بۆ گەندەڵی لە عێراق”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆنفرانسەکەدا دامەزراوەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەشداریدەکەن، بە پاڵپشتی نوێنەرایەتی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق و ئامادەبوونی نوێنەرانی حکومەتی عێراق، پەرلەمان، داواکاری گشتی، ئەنجومەنی باڵای دادوەری و دەستەی دەستپاكی بەڕێوەدەچێت.
باسیلەوەکردووە، کە ئامانجی کۆنفرانسەکە ڕوبەروبونەوەی گەندەڵی و دانانی سنوورێکە بۆ گەندەڵی لە وڵاتدا، هەروەها کاریگەرییەکانی لەسەر بەرەوپێشچوونی عێراق و گرنگیی بوونی ئەجێندایەکی چاکسازیی بەهێز بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و چاکسازی لە کەرتەکانی خزمەتگوزاریی گشتیدا.
