بازرگانێكی توركی ماددەی هۆشبەر لەهەولێر دەستگیركرا
" 184 قاڵب ماددەی هۆشبەری لە جۆری هێرۆین پێوە گیراوە، کە بڕەکەی دەکاتە 92 کیلۆگرام"

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، "لە چالاکییەکی گەورەدا" بازرگانێکی ماددەی هۆشبەریان دەستگیرکردووە کە خەڵکی تورکیایە و دانیشتووی هەولێرە.
ئەمڕۆ یەكشەممە، 23 ئایاری 2021 لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە بەردەوامی هەوڵەکانمان بۆ بنبڕکردن و نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، دوای بەدواداچوون و بوونی زانیاریی ورد لەلایەن ئەفسەر و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، ئەمڕۆ رێکەوتی 23-05-2021 لە شاری هەولێر لە چالاکییەکی گەورەدا توانرا بازرگانێکی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیربکرێت بەناوی (ع. ج. ع) کە خەڵکی تورکیایە و دانیشتووی شاری هەولێرە".
هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو کە دەست بەسەر 184 قاڵب ماددەی هۆشبەر لە جۆری هێرۆین گیراوە، کە بڕەکەی دەکاتە 92 کیلۆگرام.
تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی 25 لە یاسای ماددە هۆشبەرەکان پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و رەوانەی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە کرا.
