"تەنها داهاتەكانی زۆنی سەوز بگاتەوە حكومەت لێبڕینی موچە كۆتایی پێدێت"
4 ساڵ لەمەوپێش
ئارا ئیبراهیم
وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دەڵێت:» ئەگەر تەنها كۆی گشتی داهاتەكانی ناوخۆی زۆنی سەوز بگاتەوە حكومەتی هەرێم، حكومەت دەتوانێت بەبێ لێبڕین موچە دابەش بكات».
پێشەوا هەورامی، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»پێش چەند رۆژێك لەمەوبەر لەگەڵ وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم كۆبووینەوە تەفاسیلی داهاتی نەوتمان پێبدات، ئەمە خەمی تەنها ئۆپۆزسیۆن نییە خەمی ئێمەو حكومەتیشە، دوو رۆژی دیكە هەڵبژاردنی لەبەردەمدایە ئەی نایەوێت دەنگ بەدەستبهێنێت كەئەوەش رەزامەندی خەڵكی دەوێت، هیچ كەسێك پێی خۆش نییە لێبڕینی موچە هەیە».
دەربارەی ئەوەی تا كەی لێبڕینی موچە بەردەوام دەبێت كە هاووڵاتیان ناڕازین، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دەڵێت ئێستاش چاوەڕێی جێبەجێكردنی رێكکەوتنی هەرێم و عێراقن كە ئۆپۆزسیۆن و هەموو لایەنەكان لەگەڵیدابوون» بۆ خۆم لەسەرەتاوە ئەوەم وتووە كە لەناوخۆی هەرێم چارەسەری دۆخی دارایی بكەین، هەتا ئێستا پارەی داهاتی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان ناگەڕێتەوە بۆ حكومەتی هەرێم، مانگی رابردوو (80) ملیۆن دۆلاریان گەڕاندووەتەوە كە زۆر زۆر زیاترە، ئەگەر هەمووی بنێرنەوە لێبڕینی موچەی فەرمانبەران كۆتایی پێدێت».
پێشەوا هەورامی جەختی لەوەشكردەوە كە:» تەنها لەسەدا 30% باج و خاڵە گومرگییەكان گەڕێندراوەتەوە بۆ حكومەتی هەرێم و لەسەدا 70%ی داهاتەكانی سلێمانی نەگەڕێندراوەتەوە».
وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی ئەوەشی خستەڕوو كە داهاتی ئیبراهیم خەلیل و سەرجەم داهاتەكانی زۆنی زەرد دەگاتەوە حكومەتی هەرێم.
هاوكات پێشەوا هەورامی پێشیوابوو كە سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئامادەیە بۆ خاڵە سنورییەكانی زۆنی زەرد ئەو هێزە هاوبەشەی بڕیاربوو دروستبكرێت و رێگری لەقاچاغچێتی بكەن بینێرێت.