حكومەتی هەرێم دەوامی فەرمانگەكان زیاد دەكات

سەرەڕای بەردەوامی لێبڕینی موچە فەرمانبەران پابەند دەكرێن كەتەواوی هەفتە دەوام بكەن لەفەرمانگەكانیاندا

4 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن

پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، بەپێی فەرمانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهۆی زۆری ئیشوكاری هاووڵاتیان بەفەرمانگە حكومیەكان دەوامی سەرجەم فەرمانگەكان ئاساییدەكرێتەوە.

سەرەڕای ئەوەی حكومەتی هەرێم ماوەی حەوت مانگە موچە بەلێبڕینی لەسەدا 21% دابەشدەكات، بەڵام بڕیاریانداوە دەوامی سەرجەم فەرمانگەكان زیادبكرێتەوەو تەواوی هەفتە لەیەكشەممە تا پێنجشەمە بێت، بەڵام بەشێك لەفەرمانگەكان بەشێوەی «تەناوب» قەرەبووی فەرمانبەرەكانیان دەكەنەوە.

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى  وت: «لەبەر زۆری پێداویستی هاووڵاتیان بەفەرمانگە فەرمییەكانی حكومەت بەتایبەت بەهۆی كردنەوەی ناوەندەكانی خوێندن و زانكۆكانەوە، بۆیە وا دەخوازێت كەدەوامی فەرمانگەكان زیادبكرێتەوە و هەموو رۆژەكانی هەفتە دەوام هەبێت».

پارێزگاری سلێمانی جەختی لەوەشكردەوە:» هەموو فەرمانگەكان ئاگاداركراونەتەوە نابێت كارو مامەڵەی هیچ هاووڵاتییەك بەهۆی دەوام نەكردنەوە بوەستێت».

« لەئێستا بارودۆخەكە تاڕادەیەك جێگیرەو مەرج و لیژنەمان لەهەموو فەرمانگەكان داناوە تاكارەكان بەخێرایی و بەباشی بڕوات»، پارێزگاری سلێمانی وا دەڵێت.

پێشتر بەهۆی لێبڕینی موچەو هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆناوە رۆژانی دەوامی فەرمانگەكان كەمكرابووەوە، بەڵام حكومەتی هەرێم بەبڕیارێك دەوامی ئاسایی كردووەتەوە.

زەردەشت رەفیق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانی سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى  ئاماژەی بەوەكرد وەك سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی لەڕۆژی یەكشەممە دەوامیان هەیە تاڕۆژی پێنجشەممەو تەنیا دەوامی فەرمانبەرەكانمان كردووەتەوە بەتەناوب».

زەردەشت رەفیق وتیشی:» ئەم شێوازە كێشە بۆ مامەڵەی هاووڵاتیان دروستدەكات،  بەڵام باری ئابووری و هەم كۆرۆنا واپێویست دەكرێت بەم شێوەیە دەوامبكرێت».

بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانی سلێمانی جەختی لەوەشكردەوە» هەموو كاری ئێمە بۆ ئەوەیە مامەڵەی هاووڵاتیان نەوەستێت و تائێستاش تەنیا كارمان بۆ ئەوە كردووە».

وەزارەتی دارایی و ئابوری لەسەر راسپاردەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران ئاگاداری گەنجینەكانی كردووەتەوە كە لیستی موچە بۆ مانگی (ئایار/5)ی ئەمساڵ ئامادەبكەن بەهەمان میكانزمی پێشوو، واتا لێبڕینی 21% بۆ فەرمانبەران و 50% بۆ پلە باڵاكان.

سەربەست عوسمان، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى  وت:»ناكرێت لەبەر موچەو كۆرۆنا مامەڵەی هاووڵاتیان رابگیرێت، چونكە كۆرۆنا لەئێستادا هەر نەماوەو موچەش چاكبوونی مەحاڵە، بۆیە ناكرێت كاری هاووڵاتیان دوابخرێت و دواجار تەنیا زیانەكە بەسەر خەڵكی فەقیرو هەژاردا دەشكێتەوە».

هەندێك فەرمانگەی حكومەت، دەوامی فەرمانبەرەكانیان كەم نەكردووەتەوە لەبەر بوونی زۆری مامەڵەی هاووڵاتیان.

ڤیان حەمە حسێن، بەڕێوەبەری باجی خانوبەرەی یەکی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت: »ئێمە هیچ كات نە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوەو نە بەهۆی لێبڕینی مووچەشەوە دەوامی فەرمانبەرانمان كەم نەكردووەتەوە، چونكە زۆرترین كەس كاری دەكەوێتە فەرمانگەكەی ئێمە».

بەڕێوەبەری باجی خانوبەرە پێشیوابوو راستە مووچە دوادەكەوێت‌و پاشەكەوت دەكرێت، بەڵام هاووڵاتیان ناكرێت لەدوو لاوە ببنە قوربانی بەتایبەت بۆ هەندێك لەكارەكان كەدواكەوتنی بەزیانی هاووڵاتیانە بەتەنها.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار