دوا تانە لەبڕیاری دادگای پێداچوونەوە بۆ پێنج سزادراوەكەی بادینان درا
كەسوكاری رۆژنامەنووسو چالاكوانەكانی بادینان گەشبینن بەفشارەكان تا ئازاد بكرێن
4 ساڵ لەمەوپێش
پ.دهۆك
كەسوكاری رۆژنامەنووس و چالاكوانانی سزادراوی بادینان داوا لەنوێنەرانی وڵاتەكانی دەرەوە لەكوردستان دەكەن فشاری زیاتر لەسەر حكومەتی هەرێم بكەن بۆ ئازادكردنیان ، داواش لەسەرۆكی هەرێم دەكەن هەڵوێستی خۆی رابگەیەنێت تابڕیاری ئازادكردنیان بۆ دەربكات، لەگەڵ ئەوەشدا دڵیان بەفشارە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكان خۆشە.
زێدان محەمەد، برای رۆژنامەنووس گۆهدار محەمەد لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت :» دواینجار كە گوهدار پەیوەندی بەئێمەوە كرد هەفتەیەك پێش جەژنی رەمەزان بوو بۆ ماوەی خولەكێك و (30) چركە قسەی لەگەڵ ئێمە كرد، وتی خەمی من نەخۆن لەخوا بەزیاد بێت من باشم و دۆخی تەندروستی منیش باشە، دواتر ئەو پرسیاری ئەحواڵ و دۆخی ئێمەی كرد وتمان دڵمان هەر لای تۆیەو حەزدەكەین بەزووترین كات بگەڕێیتەوە بۆ ماڵەكەی خۆت «.
هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد زۆر كات نەبوو قسەی تر بكەین، تەلەفونەكەی داخست ، زۆر حەزیان دەكرد لە رۆژی جەژن جارێكی تر تەلەفونی بكردایە بۆ ئەوەی بەلایەنی كەم جەژنی رەمەزانیان لێی پیرۆز بكردایە، وتیشی:»زۆركەس و لایەن هەوڵی ئازادكردنی ئەوانیان داوە، بەڵام تائێستا هیچ ئەنجامی نەبووە ، ئێمەش ناتوانین هیچ شتێك بكەین ، هەموو كەس دەزانێت دۆسیەكەی ئەوان چییە، چاوەرێی وڵاتانی ئەمریكاو فەرەنسا و یوئێن و وڵاتەكانی تر دەكەین فشاری زیاتر لەسەر حكومەت بكەن ، داواش لەسەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین هەڵوێستی خۆی رابگەیەنێت و بڕیارێكی دڵخۆشكەر بۆ هەموو خەڵكی كوردستان دەربكات «.
رۆژی 6ی ئایاری 2021 دەستەی سزای دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان سزای شەش ساڵ زیندانیكردنی بۆ پێنج چالاكوان و رۆژنامەنووسەكەی بادینان پەسەندكرد، لەبڕیارەكەی دادگادا هاتووە: ئەو كەسانە پەیوەندییان بەكونسوڵخانەی ئەمریكاو ئەڵمانیا هەبووە و پارەیان لەوان وەرگرتووە.
بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوە لە 28ی نیسانی 2021 بەدەنگی زۆرینەی ئەندامانی دەستەی سزای دادگاكە دەركراوەو تێیدا جەخت لەدروستی بڕیاری دادگای تاوانەكانی دووی هەولێر لەسەر ئەو چالاكوان و رۆژنامەنووسانە كراوەتەوەو سزای شەش ساڵ زیندانیكردن بۆ هەر یەكێكیان پەسندكراوە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی بڕیارە دادگای پێداچوونەوەی گشتی كە لە (15) دادوەر پێكدێن پێداچوونەوەی تێدا بكەن.
ئەو پێنج چالاكوان و رۆژنامەنووسە حوكمدراوە كەبریتین لە ( ئەیاز كەرەم، گۆهدار محەمەد، شێروان شێروانی، هاریوان عیسا، شڤان سەعید )، ئەم پێنج كەسە تۆمەتی سیخوڕی و هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێمیان درایەپاڵ .
بەشدار حەسەن، سەرۆكی تیمی پارێزەرانی دۆسیەكە لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت: « 19ی ئایار تیمی خۆبەخشی پارێزەرانی دەستگیركراوانی بادینان دوا تانەیان لەبارەی دۆسیەی پێنج رۆژنامەنووس و چالاكوانە دەستگیرکراوەكەی بادینانەوە لەبڕیاری دادگای پێداچوونەوەی هەرێم دا، بەپێی یاسای (اصول محاكمات) كومەڵێك رێگا هەیە بۆ تانە لێدان لەبڕیار، بۆ نموونە یەكێك لەو بڕیارانە ( تەممیزە ) ئینجا دوای ئەوەی بڕیارەكە لەدادگای ( جینائات) دەردەچێت، ئێمە (تەممیز )مان كرد،، دوا تانەی ئێمە لەیاسادا پێی دەڵێن راستكردنەوەی بڕیاری بەدواداچوون».
«سادەترین مافی سزادراوان ئەوەیە كە لەزیندان كەسوكاری خۆیان و پارێزەرەكانیان ببینن، بەڵام تائێستا نە پارێزەرەكان، نە كەسوكاریان ئەو پێنج سزادراوانەیان نەبینیوە».
«ئەو پێنج سزادراوە ئێستا لەزیندانی ئاسایشدان، بەپێی یاسا سزادراوەكان دەبێت بگوزارێنەوە بۆ نزیكترین شوێنی كەسوكاریان، دەبوایە بگوازرێنەوە بۆ چاكسازی پیاوان لەدهۆك» بەشدار حەسەن وای وت .
بەشدار حەسەن وتیشی: «خەڵك هەیە لە بەعاج و فەلووجە و رومادی و موسڵ دێت و كەسوكاری خۆیان لەزیندان دەبینن، لەكاتێكدا ئەوانە پێشتر چەكداری داعش بوون، باشە بۆ ئەو هەژارانە ناتوانن كەسوكاری خۆیان ببینن».
«سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری بەڵێنیدا خۆی لەنزیكەوە چاودێری دۆسیەكە بكات و خۆشی پێداچوونەوە بەدۆسیەكە بكات، كەئەمەش هەنگاوێكی دڵخۆشكەرە، هەست دەكەین ئەمجارە جیاوازییەك هەبێت بەتایبەت دوای فشارەكانی یۆئێن و چەند وڵاتێكی تر، هیوایەكی باش هەیە بۆ گوڕانكاری لەدۆسیەكە» بەشدار حەسەن وای وت.