سێ ‌چیا لەدامێنی سلێمانی مینی مەترسیداریان تێدایە

چیای مەحمود خان لەدامێنی سلێمانی تائێستا لەمینی ڤاڵمارای پارچەدار پاك نەكراوەتەوە كەبەهەر كەسێكدا بتەقێتەوە دەیكوژێت

4 ساڵ لەمەوپێش



 

مەزهەر كەریم

چیای مەحمود خان لەدامێنی سلێمانی نزیك گەڕەكەكانی قڕگەو كازیوەو ئیبراهیم ئەحمەدەو وەك بەڕێوەبەرایەتی مینی سلێمانی ئاشكرای دەكات كە مینی ڤاڵمارای پارچەداری تێدایەو بەهەر كەسێكدا بتەقێتەوە (40) سم بەرزدەبێتەوەو تێیدا دەرناچێت و دەیكوژێت.

بەپێی ئامارێك، كە لەساڵی 2004دا ئەنجامدراوە چیای محمود خان لەدامێنی سلێمانی، (34) هەزارو (600) م دووجایەو  كۆی زەوی مینڕێژكراو لەهەرێمی كوردستان دەگاتە (776) كیلۆمەتر چوارگۆشە، كە مێژووەكەیان بۆ ساڵانی شەستو حەفتاو هەشتاكانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە كەژمارەیان حەوت ملیۆن مین دەبێت.

براهیم كەریم راهێنەری گروپی شاخەوانی سلێمانی بۆ هاوڵاتى ئاماژەی بەوەكرد لەئێستادا دەیان گروپی شاخەوانیو خەڵكانێك كە ئارەزووی وەرزشی شاخەوانی دەكەن بەبێ ئاگا چەند جارێك نزیك بوونەتەوە لەچیای مەحمود خان، چەند كەسێك بەخۆبەش هێمایان بۆ داناوە تا كەسانی نەشارەزا بزانن مینی لێیەو بگەڕێنەوە دواوە، وتیشی:»حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار هیچی نەكردوە، هەرچەند زۆرینەی خەڵكی ئەو ناوچەیەو كەسانی دیكەش دەزانن ئەو سنورە مینی تێدایە».

لێپرسراوی هۆبەی رووپێوی لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی مین لەسلێمانی ئەوە ئاشكرا دەكات كەچیای مەحمود خان چ جۆرە مینێكی مەترسیداری تێدایە.

محەمەد حسێن لێپرسراوی هۆبەی رووپێوی لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی مینی سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى ئەوەی خستەڕوو كە چیای محمود خانی دزڵی، كەدەكەوێتە سنوری پارێزگای سلێمانی، كۆنە سەربازگەی رژێمی پێشوە، كەمێژووی مینەكان بۆ ساڵی 1978 دەگەڕێتەوە، لەپلانی پاكسازیدا بووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی بوجەی پێویست هچیی بۆ نەكراوە.

هەروەها باسی لەوەشكرد  رووبەری ئەو كیڵگە مینە (34) هەزارو (600) مەتر دووجایە، وتیشی:»جۆری مینی ڤاڵمارایەو پارچەدارە، ژمارەیەكی زۆر ئاسنی تێدایەو لەكاتی تەقینەوەدا (40) سم لەجێگەی خۆی بەرزدەبێتەوە پاشان پارچەكانی بەچواردەوری خۆیدا فڕێدەدا بە(پێنج چوكڵە) ناسراوە بەهەر كەسێكدا بتەقێتەوە رزگاری نابێت و دەیكوژێت».

هاوكات موحسین عەبدولكریم بەڕێوەبەری دەزگای مین لەسلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» هەر جێگایەكی نزیك شاری سلێمانی مینی تێدابێت، بەپێی داتا بەدواداچوونی بۆ دەكەین، ئێمە ئاگاداری ئەو جێگەیە نین لەسنوری پارێزگای سلێمانی مینڕێژ كرابێت، بەڵام دەزانین چیای ئەزمەڕو گۆیژە لەچەند جێگەیەك مینی تێدایە».

 موحسین عەبدولكریم، ئەوەشی دووپاتكردەوە كە تا پارەیان بۆ تەرخان نەكرێت ناتوانن درێژە بەكارەكانیان بدەین، «بەڵێن دراوە لەچەندڕۆژی داهاتوودا بەشە بودجەی ئەمساڵمان بۆ تەرخانبكرێت، ئەوكات دەست دەكەینەوە بەكارەكانمان، كە ماوەی چەندساڵێك دەبێت، هیچ كارێكی پاكکردنەوەی مین لەسنوری سلێمانی ئەنجامنەدراوە».

 بەپێی رێككەوتنێك لەنێو (84) وڵاتدا كەعێراق و هەرێمی كوردستانی تێدابووە، دەبوو هەرێمی كوردستان تا 2018 لەمین پاكبكرێتەوە، بەڵام نەكراو لەئێستادا بەپێی رێكکەوتنێكی نوێ دەبێت لەساڵی 2028، هیچ مین و تەقەمەنیەك لەهەرێمی كوردستان و عێراق نەمێنێتو سەرجەمیان، هەڵبگیرێنەوەو پوچەڵ بكرێنەوە وەك بەڕێوەبەری گشتی دەزگای مین لەسلێمانی باسی كرد.

دەزگای كاروباری مین ئەوە ئاشكرادەكات، كە (516) كیلۆمەتر چوارگۆشە زەوی پاكکراوەتەوە لەمین، لەسنووری پارێزگای هەولێر 40%و پارێزگای سلێمانی 42%و پارێزگای دهۆك 38%و ئیدارەی گەرمیان 35%ی پاكکراوەتەوە، بەڵام هێشتا دوو ملیۆن مین ماوەتەوەو پاكنەكراونەتەوە.

جەبار مستەفا سەرۆكی گشتی دەزگای كاروباری مین لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» دەزانین مین لەسنووری شارەكان و نزیك شارەكان ماون، بەڵام بەهۆی شەڕی داعشو قەیرانی دارایی و نەبوونی هیچ بڕە داهاتێك، ناتوانین كاری پاكکردنەوەو پوچەڵكردنەوەیان ئەنجامبدەین لەئێستادا چاوەڕێی وەرگرتنی میزانیەین».

هەروەها ناوبراو ئەوەشی ئاشكراكرد هەرچی رێكخراوەكانی هەڵگرتنەوەی مینە وەك « MAG « وەك ساڵانی رابردو هاوكارییان ناكەن بەهۆی قەیرانی دارایی، ئێستا كار لەو ناوچانە دەكەن شەڕی داعشی تێدابووە، هەرچەندە مۆڵەتی كاركردنیان لەدەزگای مین هەیەو كارئاسانیشیان بۆ دەكەن.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار