بڕیاری لەسێدارەدان بۆ چوار گەنجی ئێزیدی كاردانەوەی لێدەكەوێتەوە

قاسم شەشۆ تۆمەتبار دەكرێت بەهاوكاریكردنی هۆزی شەممەر كەئێزدییەكان بەكوشتنی دوو كەسیان تۆمەتبار دەكەن

4 ساڵ لەمەوپێش



 

عەمار عەزیز. دهۆك

رۆژی 16ی ئەم مانگە ، قاسم شەشۆ بەرپرسی فەرماندەیی پێشمەرگە لەشەنگال سەردانی شارۆچكەی رەبیعەی كردو لەگەڵ سەرۆك عەشیرەتەكانی شەممەر كۆبووەوە و ڤیدیۆیەك لەو كۆبوونەوەیەدا بڵاوبووەتەوە، كە» سەرۆك عەشیرەتی شەممەر دەڵێت: قاسم شەشۆ لەدەستگیركردنی ئەو چوار گەنجە هاوكاریی كردووین و لەكاتی دادگایی كردنی ئەو گەنجانەدا (10) چەكداری خۆی وەك شاهید بردووەتە دادگاو سوپاسی دەكەین»، بەڵام كوڕی قاسم شەشۆ ئەوە رەتدەكاتەوە.

لەماوەی رابردوودا كەسوكاری چوار گەنجی ئێزیدی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا كەكوڕەكانیان دەستگیركراون بەتۆمەتی كوشتنی دوو كەسی عەشیرەتی شەممەر كەدادگای موسڵ سزای لەسێدارەدانی بۆ دەركردوون، بۆیە داوایان لەسەرۆك كۆمار كرد كەواژۆی ئەو بڕیارە نەكات و یاسا پێداچوونەوە بەو بڕیارەدا بكات.

هەڤاڵ قاسم شەشۆ، كوڕی قاسم شەشۆ رەتیكردەوە كە باوكی هاوكاری هۆزی شەممەر و دادگای كردبێت بۆ دەستگیركردنی ئەو چوار گەنجەی ئێزیدی، لەمبارەیەوە لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:«هەر لەڕۆژی دەركردنی بڕیارەكە لەلایەن دادگای نەینەوا باوكم دژی بڕیارەكەی دادگا بووەو بەنادادوەرانە دایناوە، هەوڵیش دەدات بۆ ئازادكردنی ئەو چوار گەنجە، چونكە بڕیارەكە ستەمێكی گەورەی تێدایەو ئەو چوار گەنجە ئەو تاوانەیان ئەنجام نەداوە»

هەڤاڵ قاسم باسی لەو گرتە ڤیدیۆیە كرد كە لەتۆرە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوەو وتی:» ماوەیەك پێش ئێستا باوكم لەمەزارگای شەرەفەدین لەشەنگال هەموو سەرۆك عەشیرەتەكان و پیاوانی ئایینی و روشنبیرانی ئێزیدی كۆكردەوە، لەو كۆبوونەوەیە باسی ئەوەیان كرد كە چۆن پێكەوە هەڵوێستی خۆیان دەرببڕن لەبەرامبەر بڕیارەكەی دادگا، لەكۆتایی كۆبوونەوەكە بەیاننامەیەكیان نووسی، دواتر  ئاراستەی وەزارەتی دادی عێراق و دادگای نەینەوا كرا تا پێداچوونەوە بەبڕیارەكە بكرێت».

« ئەو قسانەی سەرۆك عەشیرەتی هۆزی شەممەر كردوویەتی شرۆڤەی هەڵەی بۆ كراوە، بەهیچ شێوەیەك پشت لەمیللەتی خۆمان ناكەین، بۆ ئەم كەیسەش بەردەوام پشتگیری لەداواكاری كەسوكارانی ئەو چوار گەنجە دەكەین كە دەبێت بەزووترین كات ئازاد بكرێن»، كوڕەكەی قاسم شەشۆ وای وت.

دادگای تاوانەكانی نەینەوا لە 21ی نیسانی 2021 بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ چوار گەنجی ئێزیدی دەركرد و تاوانباركران بەكوشتنی دوو كەس لەهۆزی شەممەر لەسەر رێگای نێوان گرعوزێرو شەنگال، ئەوەش لە 23ی ئەیلولی 2020دا.

 ئەوانەی بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە ئەمانەن (ئەحمەد فارس (19) ساڵ،  شەعلان ئەلیاس قاسم (22) ساڵ، فاروق فەیسەڵ حەما، سەعید خدر سەعدۆ (20) ساڵ) هەرچواریان خۆێندكاری زانكۆو ئامادەیین و خەڵكی سنوری قەزای شەنگالن .

خدر ساڵح، خاڵی شەعلان ئەلیاسە، یەكێك لەو گەنجانەی كە بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى ئاماژەی بەوەكرد قاسم شەشۆ بۆ مەبەستی سوڵحی عەشائیری سەردانی هۆزی شەممەری كردبوو نەك بۆ دۆسیەی چوار گەنجەكە، بەڵكو بۆ رووداوەكەی 2017 كە لەو ساڵەدا شوانێكی عەرەب لەهۆزی شەممەر لەسنوری قەزای شەنگال كوژرا بوو چەند كەسێك لەئێزیدییەكان تۆمەتباركران بەكوشتنی شوانەكە.

خدر ساڵح وتیشی:»بۆ دۆسیەی ئەو چوار گەنجە پارێزەرەكانمان تانەیان لە بڕیارەكەی دادگای نەینەوا داوەو ئاراستەی دادگای تەممیزی بەغدا كراوە، چاوەڕێی بڕیاری كۆتاییان دەكەین، چونكە ئەگەر سزاكە جێبەجێبكرێت كێشەیەكی زۆر گەورە لەنێوان ئێمەو هۆزی شەممەردا دروستدەبێت «.

كەسایەتییەكی هۆزی شەممەر، دەڵێت:» هەرگیز واز لەو دۆسییە ناهێنێن تا تاوانبارەكان سزای یاسایی خۆیان وەردەگرن».

عەلی شەممەری، لەهۆزی شەممەر جەختی لەوە كردەوە كەسەردانەكەی قاسم شەشۆ تەنیا بۆ پیرۆزكردنی جەژنی رەمەزان بووەو وتی:» لە رێكەوتی 16ی ئایار قاسم شەشۆ فەرماندەی پێشمەرگە لەشەنگال بۆ مەبەستی پیرۆزبایی كردن لەجەژنی رەمەزان سەردانی هۆزی شەممەری كرد، سەردانەكە تەنیا بۆ مەبەستی پیرۆزبایی كردن بوو، ئەو بڕیارەی دەركراوە لەدژی چوار گەنجی ئێزیدی رێزی لێدەگرین«.

«لەمافی خۆمان خۆش نابین، دەمانەوێت ئەو كەسانەی دەستیان لەكوشتنی دوو كەسەكەی ئێمە هەبوو سزای یاسایی خۆیان وەربگرن، چونكە زۆر بەناحەقی كوژران»، عەلی شەمەری لەهۆزی شەممەر وادەڵێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار