كورد بایكۆتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئێران دەكات
پژاك: خەڵك لەدۆخی ئێستای ئێرانو ئەو زوڵمو زۆردارییەی هەیە ناچێتە سەر سندووقەكانی دەنگدان
4 ساڵ لەمەوپێش
هێمن حهسهن
بڕیارە 18ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی سەرۆكی كۆماری ئێران بەڕێوەبچێت و حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانیش بڕیاریانداوە بایكۆتی ئەو هەڵبژاردنە بكەن، پێشیانوایە كە تاران دەیەوێت بەهەڵبژاردنێكی نمایشكارانە لەناو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رەوایەتی بگەڕێنێتەوە.
بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە (592) كەس ناوی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی خولی سیازدەهەمینی سەرۆكایەتی كۆماری ئێراندا تۆماركردووە، لەو ژەمارەیە (40) كەسیان لە رەگەزی مێن و (552) كەسیشیان لە رەگەزی نێرن، بەڵام ناوی كاندیدە كۆتاكان لەلایەن شورای پاراستنی دەستورو لەژێر چاودێری راستەوخۆی خامەنیی یەكلایی دەكرێنەوەو لەئێستاوە (320) كاندیدیان رەتكراونەتەوە.
بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە (59) ملیۆن و (300) هەزارو (310) كەس مافی دەنگدانیان هەیەو ناویان لە تۆماری دەنگداندا هەیەو بڕیارە دەنگبدەن بۆ هەریەك لەهەڵبژاردنی خولی سیازدەهەمینی سەرۆكایەتی ئێران.
ناوەندی هاوكاری حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی ئێران كە لەچوار حزبی رۆژهەڵات پێكهاتوون بڕیاریاندا بایكۆتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئێران بكەن، بەهەمانشێوە حزبەكانی دیكەی دەرەوەی ناوەندی هاوكاری بایكۆتی هەڵبژاردنەكە دەكەن و هانی خەڵك دەدەن نەچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان.
حزبەكانی رۆژهەڵات ئەزموونێكی تری بایكۆتكردنیان هەیە كە خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان بەئەرێنی وەڵامی پەیامەكانی ئەو حزبانەیان دایەوە، بۆیە ئێستاش پێیانوایە كورد بەدەم پەیامەكانیانەوە دەچن.
عەتا سەقزی ئەندامی بەرپرسی پەیوەندییەكانی حزبی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان، باس لەوە دەكات، ئەوان وەك ناوەندی هاوكاری حزبەكانی رۆژهەڵات بایكۆتی هەڵبژاردن دەكەن و بەخەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانیشیان وتووە كە بایكۆت بكەن و نەچن بۆ هەڵبژاردن.
عەتا سەقزی بە هاوڵاتى وت:» سەرۆك كۆمار لەسیستەمی فیقهی ئێراندا هیچ كاریگەرییەكی نییە، ئەوەی كاریگەرە رابەری كۆماری ئیسلامییە كە خامەنییە».
هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد ئێران هەڵبژاردن بە بانگەشەو شانۆیەك بۆ دەرەوەی خۆی بەكاری دەهێنێت بۆ جوانكاری خۆی، بۆ ناوخۆی ئێران و بۆ كوردیش هیچ سوودو كاریگەرییەكی نییە، بۆیە خەڵكی رۆژهەڵاتیش بایكۆتی دەكات.
سەقزی پێشیوابوو بایكۆتی هەڵبژاردنی ئەمجارە فراوانترەو تەنیا لەسەر ئاستی رۆژهەڵات نییە، بەڵكو لەسەر ئاستی تەواوی ئێران، وەك ئەو دەیڵێت، بەپێی راپرسییە ناوخۆییەكانی ئێران كە هی دەوڵەت خۆیەتی لە 30% خەڵك بەشداری ئەم هەڵبژاردنە دەكەن.
هەڵبژاردنەكە تەنیا بۆ سەرۆكایەتی كۆمار نیە، بەڵكو بۆ هەڵبژاردنی شورای شارو گوندەكانیشە كە ژمارەیان هەزارو (372) شارو (40) هەزارو (603) ناحیەیە، ئەمە وەك تەكنیكێكی دەسەڵاتدارانی ئێرانە لەخەڵكی ئەو وڵاتە، بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە زۆرترین كەس بەرنە سەر سندوقەكانی دەنگدان.
پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان پێیانوایە سەرۆك كۆماری ئێران هیچ سودێكی بۆ خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان نەبووەو بەپێچەوانەوە لەسەر دەستی سەرۆك كۆمارە یەك لەدوای یەكەكان كوشتن و زیندانیكردن و جینایەت و لەسێدارەدانی لاوەكانی كورد زیاتر بووە
دەسەڵاتدارانی ئێران گرنگی زۆر بە دەنگدانی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان دەدەن و لەڕێگای جۆراوجۆرەوە دەیانەوێت خەڵكی رازی بكەن بەشداری هەڵبژاردنەكە بكەن بۆ ئەوەی لەبەر چاوی دونیا نیشانی بدەن كە لەئێراندا كێشەی كورد نییەو لەگەڵ دەوڵەتن.
حزبەكانی رۆژهەڵات جەخت لەوە دەكەنەوە بەشداریكردنی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان غەدرو تاوانە، بۆیە وەك خۆی دەیڵێت، هەموو هەوڵێكی حزبەكانی رۆژهەڵات بۆ ئەوەیە كەمترین خەڵك بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان.
لەهەڵبژاردنەكانی رابردووی ئێران حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بایكۆتی بایكۆتیان كردو داوایان لەخەڵكی رۆژهەڵاتكرد نەچن بۆ دەنگدان، لەبەرامبەریشدا خەڵكی رۆژهەڵات وەڵامی پەیامەكەیان دایەوەو كەمترین بەشداری لەشارەكانی رۆژهەڵات هەبوو كە بەپێی ئامارەكانی حزبەكانی رۆژهەڵات رێژەی بەشداری كورد لەدەنگدان نەگەیشتووەتە لە ٣٠%.
حەسەن روحانی، دوو خولی سەرۆكایەتی بەڕێوەدەبات كە لەخولی یازدەیەمی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری ئێران لە 14/ 6/ 2013 هەڵبژێردراو لەخولی دوازدەیەمیشدا لە 19/ 5/ 2017 جارێكی تر هەڵبژێردرایەوە، بەڵام لەهەردوو خولەكەدا خەڵكی رۆژهەڵات بایكۆتێكی كاریگەری هەڵبژاردنیان كرد.
بەشێك لەبەرپرسانی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەڵێن، پەیامی ئەوان رۆڵێكی كاریگەری دەبێت لەناو خەڵكی رۆژهەڵات بۆ ئەوەی نەچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و بایكۆتی بكەن، بەشێكیان پێیانوایە كە پێویستە خەڵك بڕیار لەسەر بایكۆت یان بەشداریكردن بدات نەك حزبەكان بڕیاریان بۆ بدەن.
مەنسور مروەتی ئەندامی سەركردایەتی دیموكراتی كوردستان بە هاوڵاتى وت:» ئەم چوار لایەنەی ناوەندی هاوكاری حزبەكانی رۆژهەڵات بایكۆتی هەڵبژاردنەكەمان كردووە، جگە لەئێمەش هەر بەگشتی لەسەر ئاستی ئێرانیش بایكۆت بەهێزە، چونكە هیچ گۆڕانكارییەك دروست ناكات».
هەروەها مروەتی ئەوەشی خستەڕوو داوایان لەخەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان كردوە كە زیاتر لەخەڵكی ئێران بایكۆتی هەڵبژاردن بكەن» خەڵك خۆی كردەوەكانی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێرانی بینیوە كە چۆنە، بۆیە بایكۆتی دەكەن».
پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان پێیانوایە سەرۆك كۆماری ئێران هیچ سودێكی بۆ خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان نەبووەو بەپێچەوانەوە لەسەر دەستی سەرۆك كۆمارە یەك لەدوای یەكەكان كوشتن و زیندانیكردن و جینایەت و لەسێدارەدانی لاوەكانی كورد زیاتر بووە.
فوئاد خاكی ئەندامی دەستەی كارگێڕی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) بەهاوڵاتى وت»وەك حزبی دیموكرات و وەك چوارلایەنەكەی ناوەندی هاوكاری بڕیاری فەعال و كاریگەرمان داوە كە خەڵك لەدەرەوە لەناوخۆی رۆژهەڵات هان بدەین بەشداری هەڵبژاردن نەكەن، پێشبینیەكەشمان هەر ئەوەیە كە خەڵك نەچێت».
«سەرۆك كۆمار لەهەر گروپ و رەوت و لایەنێك بێت هیچ كاریگەری لەسەر رەوتی خەباتی گەلی كورد لە رۆژهەڵات نابێت، چونكە خەڵكی رۆژهەڵات دروشمەكانی روحانی و خاتەمیان بیرنەچۆتەوە كە ئەو هەموو بەڵێنەیاندا كەچی لەسەردەمی ئەواندا زۆرترین كوشتن و ماڵوێرانیان بەسەر كورددا هێنا»، خاكی وای وت.
حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەڕووی جەماوەرییەوە لەناوخۆی ئێراندا پێگەیەكی بەهێزیان هەیەو بانگەوازو بانگەشەكانیان لەلایەن خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانییشەوە حساب بۆكراوە، لە دوو هەڵبژاردنی رابردووداو لەچەند پرسێكی تردا خەڵكی رۆژهەڵات پەیام و هەڵوێستی ئەو حزبانەیان قبوڵكردووە.
مەزڵوم حەفتەن بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پژاك دەڵێت، لەدۆخی ئێستای ئێران و ئەو زوڵم و زۆردارییەی هەیە خەڵك ناچێتە سەر سندوقەكانی دەنگدان، بۆیە ئەوانیش بایكۆتی ئەو هەڵبژاردنە دەكەن.
بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پژاك بەهاوڵاتى وت:» ئێمە دەبێت لەگەڵ بڕیاری خەڵكی رۆژهەڵات بین بزانین بریاری چیی دەدەن، ئێمە لەگەڵ خەڵك یەكین و بەیەكەوەین».