ئەمجارە وەفدی هەرێم لەبەغدا؛ بەدەستبەتاڵی ناگەڕێتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى  

وەفدی حكومەتی هەرێم لەبەغدایە بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی و پەرلەمانتارێكی لیژنەی دارایی ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە «ئەمجارە وەفدی هەرێم لەبەغدا بەدەست بەتاڵی ناگەڕێتەوە، چونكە كێشەی سیاسی لەسەر نییەو هەردوو حكومەتیش ئامادەن پابەندبن بەیاسای بودجەوە».

ئێوارەی ئەمڕۆ وەفدێكی حكومەت بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدایان كردەوەو بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە لەسەر پرسی نەوت و جێبەجێكردنی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 دەست بەگفتوگۆكانیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لەحكومەتی فیدڕاڵ بكەنەوە.

بودجەی گشتی عێراق لەشەوی 31ی ئازاری 2021 لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەندكراو بەپێی یاساكەو لەماددەی (11)دا پشكی هەرێم دیاریكراوە كە لەسەدا (12.67)ی بودجەی فعلی دەبێت، لەبەرانبەر تەسلیمكردنی داهاتی نەوتی رۆژانەی (250) هەزار بەرمیل بەنرخی كۆمپانیای سۆمۆی نیشتمانی عێراق و لەسەدا 50%ی داهاتە فیدراڵییەكان.

شیروان میرزا، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لەلیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى   وت:» كێشەی سیاسی لەسەر یاسای بودجە نییەو مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئامادەیی نیشانداوە بۆ جێبەجێكردنی، حكومەتی هەرێمیش پابەندی خۆی راگەیاندووە، بۆیە تەنها گفتوگۆ لەسەر میكانیزمی جێبەجێكردنەكەی دەكرێت».

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشكرد، یاسای بودجە بۆ یەك ساڵەو پشكی هەرێم لەپێنج مانگی رابردوو بەشێوەی قەیدی حسابی یان مەقاسە دەدرێت بەهەرێمی كوردستان، وتیشی:» بەو پێیەی داهاتی نەوتی هەرێم بەپێی نرخی فرۆشتنی كۆمپانیای سۆمۆ دەبێت، كەواتە مانگانە گۆڕانكاری لەپشكی هەرێمدا روودەدات بەوپێیەی نرخی نەوت جێگیر نییە».

شیروان میرزا پێشیوابوو سەردانی وەفدی حكومەتی هەرێم بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی وادەكات كە»ئەمجارە وەفدی حكومەتی هەرێم لەبەغدا بەدەست بەتاڵی ناگەڕێنەوە».

هاوكات، فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لەبەغدا راگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تایبەت بەجێبەجێكردنی یاسای 2021 دەستپێدەكەن.

یەكێك لەئەندامانی وەفدی دانوسانكاری حكومەتی هەرێم لەبەغداوە ئەوەی بۆ هاوڵاتى  دووپاتكردەوە كەجێبەجێكردنی ماددەی (11)ی یاسای بودجەی ئەمساڵ تەنها چۆنیەتی جێبەجێكردنی ماوە.

هەروەها ئەوەی ئاشكراكرد كە كۆبوونەوەی وەفدی حكومەتی هەرێم بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، لەگەڵ وەزیرانی نەوت و دارایی و پلاندانان و دیوانی چاودێری دارایی و نوێنەری كۆمپانیای سۆمۆی عێراق بۆ فرۆشتنی نەوت دەبێت.

هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە كە وەفدی هەرێم چاوەڕێی بۆچوونی وەفدی عێراقە بۆ جێبەجێكردنی یاسای بودجە كە چ میكانیزمێك دیاری بكرێت و هەژماری بانكی لەچ شوێن و بانكێك بكەینەوە بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێم داهاتی نەوت و نانەوتی بكاتەسەرو لەبەرانبەردا بەغدا پشكی هەرێم رەوانە بكات.

بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتى ، حكومەتی هەرێم چاوەڕێی ئەوەیە كە پشكی هەرێم لەماوەی ئەم پێنج مانگەی رابردوودا بەشێوەی»مەقاسە» رەوانەی هەرێم بكات كە زیاتر لە ترلیۆنێك دینارە بەو پێیەی حكومەتی هەرێم داهاتی نەوتی (250) هەزار بەرمیلی رۆژانەو لەسەدا 50%ی داهاتی فیدڕاڵی، ناگاتە (700) ملیار دینار، بەڵام چاوی لەوەیە بەغدا پشكی هەرێم وەك خۆی رەوانە بكات كەمانگانە (956) ملیار دینارەو بەو پێیە بێت بۆ مانگەكانی (5،4،3،2،1) زیاتر لەترلیۆنێك و (250) ملیار دینار»ی لای حكومەتی عێراقە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار