«داهاتەكانی نەوتو ناوخۆی هەرێم ملیارێك دۆلاریان تێپەڕاند»
هاوڵاتى وردەكاریی داهاتەكانی نەوتو ناوخۆی هەرێم بەدۆلارو دینار ئاشكرا دەكات
3 ساڵ لەمەوپێش
ئارا ئیبراهیم
بەپێی داتا فەرمییەکانی حکومەتی هەرێم داهاتەکانی نەوتو ناوخۆ زیاترن لەملیارێک دۆلار، بەڵام کابینەی نۆیەم بەسەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی بەردەوامە لەلێبڕینی مووچەی مووچەخۆران.
مەسرور بارزانی لەکاتی سوێندخواردنی لەپەرلەمانی کوردستان بەڵێنی دا کەکابینەکەی چاکسازی ئەبجام بداتو شەفاف بێت لەسێکتەرە جیاوازەکاندا، بەڵام پاش تێپەڕبوونی زیاتر لەدوو ساڵ هیچ دۆسێیەک روون نییە.
هاوڵاتى بەدواداچوونی وردی بۆ داهاتەکانی نەوتو ناوخۆ کردووە بەپێی داتا فەرمییەکانی حکومەتی هەرێم.
داهاتی نەوت
حكومەتی هەرێم رۆژانە (460) هەزار بەرمیل نەوتی خاو هەناردەی دەرەوە دەكات و مانگانە (13) ملیۆن و (800) هەزار بەرمیل دەكات و لەئێستادا هەر بەرمیلێك نەوتی خاو بە (76) دۆلارەو ئەگەر هەرێم بە (11) دۆلار كەمتر بیفرۆشێت لەنەوتی برێنت ئەوا (897) ملیۆن دۆلار دەكات و بەدینار دەكاتە یەك ترلیۆن و (318) ملیار دینار.
داهاتەكانی ناوخۆ
داهاتی ناوخۆیی و نانەوتی هەرێمی كوردستان مانگانە گەیشتووەتە (350) ملیار دینارو مانگانە بەپێی وتەی بەرپرسانی وەزارەتی دارایی كە بە پەرلەمانتارانیان راگەیاندووە.
داهاتی ناوخۆو نانەوتی لەدوای قاچاغی و ئەوەی لەوەزارەتی دارایی تۆماردەكرێت لەسەرتاسەری هەرێم مانگانە (350) ملیار دینارە كە لەداهاتەكانی (گومرگی دەروازە سنورییەكان، سەرپێچی و موڵەت و ژمارەكردنی ئوتومبێل و مۆڵەت نوێكردنەوە، باج، پارەی كارەباو ئاو، رسوماتی خانوو و تەلاری بازرگانی و مۆڵەكان، ..هتد پێكهاتووە.
(350) ملیار دینارەكە بەم شێوەیەیە كە سەد ملیار دیناری مانگانەی داهاتی رسومات و خزمەتگوزارییەكان، (160) ملیار دیناری گومرگی دەروازە سنورییەكان و زیاتر لە (90) ملیار دیناری داهاتی باجەكان.
سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم بۆ هاوڵاتى ئاشكرا كرد كەبڕیاردراوە لەڕێگەی چاكسازیكردن و سنورداركردنی قاچاغچێتی لەدەروازە سنورییەكان داهاتەكانی ناوخۆ لە (350) ملیار تاكۆتایی ئەمساڵ بگەیەننە (400) ملیار دینار.
هاوكاریی دارایی هاوپەیمانان
هاوپەیمانان بەسەركردایەتی ئەمریكا بۆ هاوكاریكردنی هێزەكانی پێشمەرگە مانگانە (19) ملیۆن و (700) هەزار دۆلار كەنزیكەی (28) ملیار و (959) ملیۆن دینار دەكات دەداتە وەزارەتی پێشمەرگەو موچەی لیوا هاوبەشەكان و پێداویستییە سەربازییەكانیان بۆ ئامادە دەكەن.
بەغداو یاسای بودجەی 2021
سەرەڕای ئەوەی لە 31ی ئازاری 2021 یاسای بودجە پەسەندكراو پشكی هەرێم جێگیركرا، بەڵام پاش سێ مانگ لەدەرچواندنی تائێستا جێبەجێ نەكراوەو هەرێمی كوردستان داهاتی نەوتی نەداوە بەعێراق و بەغداش هیچ بڕە بودجەیەكی نەناردووە، تەنها مستەفا كازمی بڕیاریداوە تاوردەكارییەكان تەواودەبێت (200) ملیار دینار رەوانەی هەرێم بكرێت و واژۆی كردووەو بڕیارە لەم هەفتەیەدا بگاتە هەرێم.
دانەوەی قەرزەكان
یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری دارایی و وەبەرهێنان و ئەنجومەنی راژە رایگەیاند كە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بەردەوام و مانگانە (253) ملیۆن دۆلار كە دەكاتە (379) ملیار دینار دەداتەوە بەقەرز.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەپەرلەمانی كوردستان لەساڵی رابردوو رایگەیاند كە كابینەكەی (28) ملیار دۆلار قەرزارەو بەرنامەیان هەیە بۆ دانەوەی ئەو قەرزانە، بەڵام وردەكاری چۆنێتی وەرگرتنی قەرزەكان و دانەوەی ئاشكرا نەكرد.
«داهاتەكانی نەوتو ناوخۆی هەرێم ملیارێك دۆلاریان تێپەڕاند»
ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكگرتوو دەڵێت: »مووچەخۆران تەنها لەسەدا (59)ی موچە وەردەگرن سەرەڕای ئەوەی داهاتەكانی ناوخۆو نرخی نەوت زیادیان كردووە».
شێركۆ جەودەت، ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» (57) پەرلەمانتار واژۆمان كردووە كە حكومەت بێتە پەرلەمان و بڕیاری كۆتایی لەسەر لابردنی لێبڕینی لەسەدا 21%ی موچە بهێندرێت، ئەگەر نەهاتن ئەوا پەرلەمان دەتوانێت بڕیاربدات كە لێبڕینی موچە نەمێنێت ئەو دەسەڵاتەی هەیە».
ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد كە سەرەڕای ئەوەی موچەخۆران لەسەدا 21%ی موچەیان لێدەبڕدرێت، بەهای دیناریش بەرانبەر بەدۆلار لەسەدا 20% دابەزیوە، واتا موچەخۆرانی هەرێم لەئێستادا لەسەدا (59)ی موچەكانیان وەردەگرن.
شێركۆ جەودەت ئەوەشی دووپاتكردەوە «ساڵێكە حكومەتی هەرێم باسی چاكسازی دەكات و لێبڕینی موچە بەردەوامە سەرەڕای ئەوەی نرخی نەوت دووقات زیادی كردووە ئێستا بەرمیلێك نەوتی خاو بە (76) دۆلارە، داهاتی نەوت كە بەدۆلارە دەكرێتەوە بەدینار لەسەدا (20) زیادی كردووە بۆ حكومەت».
« بەپێی ژمارەو داتا فەرمییەكانی حكومەتی هەرێم، داهاتەكانی نەوت و ناوخۆ یەك ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، بەڵام حكومەت بێ منەتە بەرانبەر خەڵك و هاووڵاتییەكانی، فەرموون چاكسازی لە موچەدا بكەن و موچەی بندیوارەكان ببڕن و موچەی تەواو دابەش بكەن».
ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە ئەولەویەتیان ژیان و گوزەرانی خەڵكەو دەشڵێت:» پەرلەمان بڕیاریش بدات لێبڕینی موچە كۆتایی پێبێت ئەگەر حكومەت جێبەجێی نەكات سوودی نابێت».
عوسمان كەریم، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» ئەمڕۆ دووشەممە كە كۆبوونەوەی پەرلەمانە باسی موچەو قوتی ژیانی خەڵك دەكەین، چونكە ئەوە ئەولەویەتمانە لەگەڵ دامەزراندنی سێ یەكەمەكانی زانكۆكانی هەرێم».
ناوبراو هێمای بۆ ئەوەشكرد كە پەرلەمان ناتوانێت بەبێ هەماهەنگی حكومەت بڕیار لەبارەی كۆتایی هێنان بەلێبڕینی موچەوە بكات، وتیشی:»ئەگەر پەرلەمان بڕیاری كۆتایی هێنان بە لێبڕینی موچەش بكات كەحكومەت نەیەوێت جێبەجێی بكات هیچ سوودی نابێت، بۆیە بەهەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران ئەو بڕیارە بدرێت باشترە».
پەرلەمانتارێكی گۆڕان دەڵێت داهاتەكانی ناوخۆ (350) ملیار دیناری تێپەراندووە.
دابان محەمەد ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» نرخی نەوت نزیكی (30) دۆلار بوو، ئێستا نرخی نەوت (76) دۆلارە، وەزیری سامانە سروشتییەكان بێدەنگە، نرخی بەنزین (550) دیناربوو، ئێستا (800) دینار بەرەو ژوورە، لێدوان و قسەیەكی نیە».
ناوبراو ئەوەشدەخاتەڕوو كە ئەوكات (120) ملیۆن دۆلار لەداهاتی نەوت بۆ موچە تەرخان دەكراو موچە بەلێبڕینی 21% دابەش دەكرا، «ئێستا (300) ملیۆن دۆلار لەداهاتی نەوت بۆ موچە تەرخان دەكرێت لێبڕین هەر لە 21% و وتەیەكی نیە! پارەی نەوت لەبانكەكانی توركیا كێشەی بۆ دروستدەبێت، زۆر كەس روونكردنەوە دەدەن ئەو نەبێت».
دابان محەمەد، جەختلەوەدەكاتەوە چەند بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیران هەبوو بۆ پێداچوونەوەی مەلەفی نەوت و كەمكردنەوەی خەرجیەكان، ئەویش وەك پێكهێنانی هێزی هاوبەش بۆ خاڵە سنورییەكان تائێستا هیچی لێ شین نەبووە. كۆمپانیا هەیە، تەنیا لەسەدا پێنجی نەوتی هەرێم بەرهەم دەهێنێت و خاوەنی 62% ی كێڵگەیەكە، بەڵام (607) ملیۆن دۆلاری خەرجی ماوە لای حكومەتی هەرێم وەریبگرێتەوە!!!».
سەرچاوەیەكی باڵای حكومەتی هەرێم كە لەبەر هەستیاری پێگەكەی نەیویست ناوی بهێندرێت، بۆ ئەوەی باسكرد كەحكومەتی هەرێم لەپێش پەرلەمانتارانەوە دەیەوێت لێبڕینی موچە نەمێنێت، بەڵام توانای دارایی هەر ئەوەندەیە.
لەبارەی داهاتەكانی نەوت و ناوخۆوە وتی:»داهاتەكانی ناوخۆ گەیشتووەتە ئەو ژمارەیە كەباسی دەكەیت، بەڵام داهاتی نەوت لەسەدا (48)ی لێ دەڕوات بۆ خەرجییەكان و حەقی گواستنەوەو شایستەی كۆمپانیاكان و بەشێكیشی بۆ دانەوەی قەرزەكانە، ئەوەی پەرلەمانتاران باسی دەكەن لەوردەكارییەكانی ئەو پرسە تێنەگەیشتوون یان لایان نییە».