حزب سەرۆكی زانكۆكان لەهەرێمدا دادەنێت
پەرلەمانتارێك: لە 18 سەرۆك زانكۆ لەهەرێمدا 10 پارتین و هەشتیان یەكێتین
3 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
ئەندامێكی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا دەڵێت: بەشێك لەسەرۆكی زانكۆكان بەمەحسوبیەت و مەنسوبیەت لەسەر بنەمای حزبی دانراون و رەچاوی توانای بڕوانامەی زانكۆیی نەكراون"، سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و سەڵاحەدینیش پێیانوایە مەرجەكان بڕوانامەی ئەكادیمی و پلەی زانستییە بۆ بوون بەسەرۆكی هەر زانكۆیەك.
ئاشنا عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵای پەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: "مەحسوبیەت و مەنسوبیەت بڕست و توانای لەزانكۆكانی كوردستان بڕیوە، ناكرێت لەكۆی (18) سەرۆكی زانكۆو هاوتاكانیان، (10)یان پارتی و هەشتیان یەكێتی پڕیان كردبنەوە".
ئاشنا عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەشكرد لەكۆی (18) زانكۆو هاوتای زانكۆیی، تەنیا دوو كەس مەرجە یاساییەكانیان تێدایە، (12) كەسیشیان مەرجە یاساییەكانیان بەسەرچووە، وتیشی:" سەرۆكی زانكۆ هەیە هیچ مەرجێكی یاسایی تێدا نەبووە، لەساڵی 2009 بەوەكالەت دانراوەو تائێستا بەردەوامە، دوو زانكۆ هەن لەهەرێمی كوردستان بەهیچ شێوەیەك پابەند نین بەیاساوە".
پەرلەمانتارەكەی گۆڕان جەختیش لەوەدەكاتەوە ئەم بەدواداچوونانەی پشتڕاست كردووەتەوەو بەبەڵگەوە بەرزیكردووەتەوە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی حكومەت و وەزارەتی خوێندنی باڵا "حزب ویستویەتی و بەخواستی ئەو دانراوە".
سەرۆكی زانكۆی سلێمانی دەڵێت مەرجە یاساییەكانی تێدایەو ماوەكەشی تەواو نەبووە.
رەزا حەسەن، سەرۆكی زانكۆی سلێمانی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: " لەساڵی ٢٠١٩وە دانراوم و مەرجە یاساییەكانم تێدایەو كاتی یاسایشم تەواو نەبووە كەماوەی چوار ساڵە". جەختی لەوەشكردەوە مەرجەكان زمان و خزمەت و پلەكەیە كەپێویستە پرۆفیسۆر بێت، بۆیە من مەرجەكانم تێدایەو بەڕەسمی پۆستەكەم وەرگرتووە".
لەهەمان كاتدا سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین پێی وابوو ئەم بابەتانە پێویستە خاڵەكان دیاریبكرێت و روونبكرێتەوەو وتی: "ناكرێت قسە لەسەر هەموو سەرۆكەكان بكرێت بەناوی چەند كەسێكەوە هەمووی تیشكی بكرێتەسەر، چونكە كەس بەبێ مەرج و هەڵسەنگاندن دانەنراوە".
جەوهەر فەتاح، سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین وتیشی:" ماوەی ساڵ و نیوێكە بەوەكالەت سەرۆكم، ساڵانە رادەگەیەنرێت و كەسی شیاو وەردەگیرێت و پۆستەكان پڕدەكرێتەوە"