كەمیی كارەبا هاووڵاتیان توڕە دەكات‌و دەنگۆی خۆپیشاندانی فراوان لەئارادایە

لە 15 مانگی رابردووەوە پێدانی كاتژمێرەكانی كارەبا كەمی كردووەو بەرپرسانی كارگێڕی دەیخەنە ئەستۆی حكومەتی هەرێم

4 ساڵ لەمەوپێش



ماردین نورەدین

كۆتایی هەفتەی رابردوو لەبەشێك لەناحییەكانی سەر بەپارێزگای سلێمانی ناڕەزایەتی و گردبوونەوە ئەنجامدراو باس لەخۆپیشاندانی فراوانیش دەكرێت بەهۆی كەمبوونەوەی پێدانی كاتژمێرەكانی كارەبا، بەرپرسانی كارگێڕی دەیخەنە ئەستۆی حكومەتی هەرێم.

رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو هاووڵاتیانی ناحیەی عەربەت، لەبەردەم بینای بەڕێوەبەرایەتی ناحییەكەدا گردبوونەوەو تێیدا مۆڵەتی یەك هەفتەیاندا بە بەڕێوەبەری ناحییەكە تاكێشەی كەمیی كارەبا چارەسەر بكەن.

هەروەها بەهۆی كەمیی كارەباوە بەشێك لەهاووڵاتیانی ئاغجەلەرو گوندەكانی قەڵاسێوكە و عەسكەر، خۆپیشاندانیان كردو رێگای ئاغجەلەر – كۆیەیان داخست و رێگەیان نەدا هیچ ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگرو ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییانیش تێبپەڕێت.

هاوكات بڕیاربوو دوێنێ یەكشەممە خۆپیشاندان لەقەزای سەیدسادق ئەنجامبدرێت، بەڵام رێکخەری خۆپیشاندانەكە دەڵێت بەڵێنیان پێداون كاتژمێرەكانی كارەبا لە (12) كاتژمێرەوە بكەنە (18 بۆ 20) كاتژمێر.

شادمیر سدیق، رێكخەری خۆپیشاندانەكەی سەیدسادق لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:»شێخ سالار بەڕێوەبەری كارەبای سلێمانی پەیوەندی پێوەكردین كەكاتژمێرەكانی پێدانی كارەباتان لە (12) كاتژمێر بۆ (18 تا 20) كاتژمێر دەبێت، بەڵام گردبوونەوەو خۆپیشاندان مەكەن».

ناوبراو باسی لەوەشكرد چاوەڕێی ئەوەن كە بزانن بەڵێنەكە تاچەندێك جێبەجێ دەكرێت، ئەگەر نەكرا «ئەوا خۆپیشاندانەكان لەگرێزەوە دەبەینە بەردەم قایمقاییەت و بەڕێوەبەرایەتی كارەبا».

هاوكات باسی لەوەشكرد هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفونییەوە لەگەڵ دیاری رەفیق، قایمقامی سەیدسادق قسەی كردووەو ئەوانیش پشتیوانیان دەربڕیوە بۆ داواكارییەكانیان.

دیاری رەفیق قایمقامی قەزای سەیدسادق لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:»دۆخی كارەبا لەئێستادا لەهەموو كوردستان خراپە نەك تەنیا لای ئێمە رەنگە ئێمە لەكۆمەڵێك شوێن باشتر بین، ئەگەر خۆپیشاندانیش بكرێت لەسەیدسادق ئێمە لەبەرەی خەڵكین و پشتیوانی خەڵكین، خەڵك داواكانیان رەوایە بەتایبەتی لەئێستادا دۆخی كارەبا زۆر خراپە».

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد هیچ بوجەیەك بۆ كارەبا تەرخان نەكراوە، بەڵام ئەوەی هەیە بەرنامەیەكی محەتەیەكی گەورەیان هەیە لەنێوان سەیدسادق و گوندی گامێش تەپە، ئێستا كاری تێدادەكرێت، ئەویش بۆ باشتركردنی ئەو لۆدانەیە لەسەر هێڵی كارەباو هەریەكە لەقەزای پێنجوێن و هەڵەبجەو خورماڵ و سەیدسادق و شارەزور هەمووی سودی لێوەردەگرێت.

ناوبراو ئەوەشی دووپاتكردەوە كە لەڕۆژانی پێشوو نووسراوی فەرمیان بۆ وەزارەتی كارەبا ناردووە لەڕێگەی پارێزگای سلێمانییەوە و ئاگاداریان كردوونەتەوە كەدۆخی كارەبا خراپەو پێویستە حكومەتی هەرێم چارەسەری بكات.

كەمبوونەوەی كاتژمێرەكانی كارەبا لەدوای 15ی حوزەیرانی مانگی رابردووەوە هاووڵاتیانی ناوچە جیاجیاكانی نیگەران كردووەو لەئێستادا هەندێ ناوچە تەنها (12) كاتژمێر كارەبای نیشتمانیان پێدەدرێت.

بڕیاربوو لەگەرمیان و راپەڕین خۆپیشاندان ئەنجامبدرێت، بەڵام بەشێك لەهاووڵاتیان هۆشیاریدانەكەیان گەیاندبوو بەبەرپرسانی كارگێڕیو بەو هۆیەوە سێ بۆ چوار كاتژمێر كارەبای نیشتمانییان بۆ زیاد كراوەتەوە.

رەمك رەمەزان قایمقامی قەزای چەمچەماڵ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» لەچەمچەماڵ تائێستا بارودۆخی كارەبا باشە، بەهیمەتی هەموو لایەك لەسێ ساڵی رابردوودا توانیمانە كەمترین گرفتمان لەبواری كارەبادا هەبێت، ئێمە تەنیا گرفتی ئاوی خواردنەوەمان هەیە، ئەویش لەهەوڵداین لەڕێگەی حكومەتەوە لەچارەسەر نزیك بووینەتەوە».

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو هاووڵاتیانی ناحیەی عەربەت چوونە بەردەم بەڕێوەبەرایرتی ناحییەكەو تەنها یەك هەفتە مۆڵەتیاندا ئەگەر كارەبا چارەسەر نەكرێت خۆپیشاندانەكان دەستپێدەكەنەوە.

دابان مەحەمەد بەڕێوەبەری ناحییەی عەربەت بە هاوڵاتى وت:»داواكاری خۆپیشاندەران داواكاریەكی سەرتاسەرییە، ئەم كێشانەش سەرتاسەرییە گشتگیرە، سەبارەت بەكێشەی ناحیەكەی خۆمان نووسراومان بەرزكردۆتەوە لەسەر كەموكوڕی داواكانی خەڵك ئەمڕۆ بۆ قایمقامییەتی سلێمانی لەوێشەوە بۆ پارێزگای سلێمانی، ئاماژەمان بەتوڕەی و هیلاكی و ماندوبوونی خەڵك داوە».

بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت ئەوەشی خستەڕوو كە «ناكرێت حكومەتێكی مەركەزی دەس نوقاوی ناشەفافی بێ پیلان نەتوانێت چارەسەری گیروگرفتەكانی (25) ساڵی رابردوو بكات، ئێمە بەركەوتنمان هەیە لەگەڵ خەڵك بۆ باسكردنی گلەیی و گازندە زۆر پێویستەكانی روو دەكەنە ئێمە، ئێمەش هەم توانای دەسەڵاتی دارایی هەم ئیداریمان تەواو لەبەردەست نیە كە بەپێی پێویست هاوكارییان بكەین».

بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت جەختی لەوەكردەوە كەكێشەكان كێشەی قوڵن، وتیشی:» لەڕاستیدا سەرۆكی حكومەت بەدەرەجەی یەك بەدەرەجەی دوو جێگرەكەی و وەزیرەكانی هەرسێ لایەنی پێكهێنەر  بەحزبەكەی خۆشمەوە (بزوتنەوەی گۆڕان) لەبەردەم بەرپرسیارێتیەكی ئەخلاقیدان، پارەو بوجەی ئەم وڵاتە لەدەستی دوو ماڵبات و دوو كۆمپانیاو دوو حزب، ئەگەر دەتوانن ئەمە بكەن فەرموون دەست بەكاربن، من وەك بەڕێوبەری ناحیە خۆم دەبمە پاسەوانی پڕۆژەكانیان پارێزەری ئیشەكانیان و گفتارو كردارەكانیان».

«ئەگەر ئەمەیان پێ ناكرێت ئەم كابینەی حكومەتە زۆر بەڕاشكاوی بێتە سەر شاشەكان لەڕاگەیاندنەكان بڵێن ئێمە ئەم خاڵانەمان پێ جێبەجێ ناكرێت و هۆكارەكان ئەمانەن»، قایمەقامی ناحیەی عەربەت وای وت.

سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت:» نیگەرانی خەڵك لەوەدایە حكومەت پێشوەختە خەمی چارەسەركردنی كێشەكان ناخوات».

رزگار حەمەنوری سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەهاوڵاتى وت:» هەر كێشەیەكی خزمەتگوزاری یان هەر كێشەیەك پەیوەندی بەقوتی خەڵكەوە هەبێت ئێمە قسەی لەسەر دەكەین، نیگەرانی خەڵك لەوەدایە حكومەت لەكاتی پێویست یان پێشوەختە خەم ناخوات».

رزگار حەمەنوری هێمای بۆ ئەوەشكرد ئێستا سەرەتای وەرزی هاوینە مانگی حەوت و هەشت زۆر گەرمە خەڵك وەسایلی فێنككەرەوە زۆر بەكاردەهێنێت، پێویستە حكومەت پێشوەختە كێشەی كەمی كارەبا چارەسەر بكات كەدەزانن لۆد دەكەوێتە سەر كارەبا پێشتر چارەسەری بكەن.

سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی روونكردەوە «ئەگەر خوا نەخواستە وەزعی كارەبا خراپتر بوو بێگومان كۆبوونەوەی فەرمی یان نافەرمی بۆ دەكەین، ئیتر ئەوەی دیكەی دەكەوێتەوە سەر حكومەتی هەرێم».

لەژمارە (1925) هەفتەی رابردوودا، ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم لەچاوپێكەوتنێكدا لەڕۆژنامەی هاوڵاتى ئەوەی خستەڕوو كە ژێرخانی شەش هەزارو (600) مێگاوات كارەبایان هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی غازەوە ناتوانن بیخەنە كارو لەئێستادا تەنها سێ هەزارو (300) مێگاوات كارەبا بەرهەمدەهێنن و لەتوانایاندایە رۆژانە (13 بۆ 15) كاتژمێر كارەبای نیشتمانی دابین بكەن.

هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە كەهەزار مێگاوات كارەبای غازی لەپارێزگای دهۆك ئامادەیەو تەنها گەیاندنی غازی پێویستە كە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەسەر خەتن تا بۆری غازی بۆ رەوانە بكەن و غازەكە دابین بكرێت، ئەوكات هەزار مێگاواتی دیكە دەچێتە نێو سیستمی كارەباوەو ئەوكات دەتوانن (18 بۆ 19) كاتژمێر كارەبا بدەنە هاووڵاتیان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار