توركیا دەیان جار چیای شەنگالی بۆردوومان كردووە

بەرپرسانی شەنگال: رێگا نادەین خەونی ئەردۆغان بێتەدی بۆ داگیركردنی شەنگال و موسڵ و كەركوك

4 ساڵ لەمەوپێش



 

 

عەمار عەزیز

 

سوپای توركیا لەبۆرودمانكردنی چیای شەنگال بەردەوامەو بەرپرسانی حەشدی شەعبی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شەنگال هۆشداری دەدەن و ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە رێگانادەن خەونی ئەردۆغان بێتەدی بۆ داگیركردنی شەنگال و موسڵ و كەركوك.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، لەمانگی رابردوودا لەوتارێكدا ئەوەی دووپاتكردەوە كە»شەوێك هێرش دەكەنە سەر شەنگال»، ئەم وتانەی ئەردۆغان لەئێستادا لەڕێگەی بۆرودمانی چیای شەنگالەوە دەستیپێكردووە.

جێگری بەڕێوەبەری ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شەنگال، دەڵێت:» توركیا دەیەوێت شەنگال و موسڵ و كەركوك بخاتە ژێر كۆنتروڵی خۆی، ئەمە خەونە بۆ ئەردۆغان».

حەسۆ ئیبراهیم، جێگری بەڕێوبەری ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شەنگال بەهاوڵاتی وت: «سوپای توركیا بەهەمان شێوەی ناوچەكانی تری هەرێمی كوردستان، بوونی پەكەكەی لەشەنگال كردووە بەبیانوو، ئەمە لەكاتێكدایە كە لە 2018 بەفەرمی پەكەكە لەشەنگال نەماوە».

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد توركیا دەیەوێت شەنگال و موسڵ و كەركوك و زۆر شاری تر بخاتە ژێر كۆنترۆڵی خۆی، «ئەمە خەونە بۆ ئەردوغان ، شەنگال بۆ هیچ  هێزو لایەنێك چۆڵناكەین .»

حەسو ئیبراهیم وتیشی: « توركیا دوژمنێكی زۆر كونە، كاتێك ناوی پەكەكە دێت توركیا دەڵێت ئەوانە كافرو زەردەشتین، پەكەكە لەشەنگال نەماوە فكرەی ئاپۆ بەلای ئێمە فكرێكی ئازادی و دیموكراتییەو هەر لەدوای 2014 ئەو فكرەمان گرتووەو رێكخستنمان كردووەو ئەمەش شتێكی هەڵە نیە».

فەرماندەیەكی حەشدی شەعبی لەشەنگال دەڵێت:»توركیا ناتوانیت هێرشی سەرزەمینی بكاتە سەر شەنگال».

خال عەلی ، فەرماندەی حەشدی شەعبی لەشەنگال بە هاوڵاتی وت: « هۆكاری بۆردوومانكردنی سوپای توركیا بۆ سەر شەنگال خەتای خۆمانە، چۆن لەكاتی ئازادكردنی شەنگال لەژێردەستی داعش، پەكەكە لەڕۆژئاواوە هاتن و هاوكاری  ئێمەیان كرد، لەپاڵ ئەو هاوكاریكردنە راهێنانی سەربازییان بەكۆمەڵێك گەنجی ئێزیدی كرد كەئێستا لەناو رێزەكانی یەبەشەدان، ئێستا ئەو گەنجانە لەكاتی خۆپیشاندان وێنەی ئاپۆ بەرزدەكەنەوە، ئەوەش توركیا نیگەران دەكات، ئێمە هیچ جارێك هەڵوێستی پەكەكەو هاوكاریكردنی ئەوان لەبیرناكەین، بەڵام ئەوەی ئێستا لەلایەن هەندێك كەسەوە دەكرێت زیان بەشەنگال دەگەیەنێت .»

« هەركەسێك ئاپۆی خوشبووێت با وێنەكەی لەماڵی خۆی هەڵبواسیت، بەڵام لەدەرەوەو لەكاتی خۆپیشاندان هەڵەیە»، خال عەلی وای وت.

هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە كەتوركیا ناتوانیت هێرشی سەرزەمینی بكاتە سەر شەنگال و رێگەیان پێنادەین، بۆیە داوای لەهەموو دەزگا ئەمنییەكان كرد بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخی ناوچەكە بكەن.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار