دادوه‌رى ده‌ربه‌ندیخان له‌سه‌ر کۆمێنت نوسین حه‌وت که‌س ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كات
به‌رێوه‌به‌رى ته‌ندروستى ده‌ربه‌ندیخان سکاڵاى له‌سه‌ر 24 که‌س و چالاکوان تۆمار کردووه

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
دادوه‌ر فه‌رمانى ڕاگرتنى بۆ حه‌وت که‌س له‌وانه‌ى کۆمێنتیان له‌باره‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستیى ده‌ربه‌ندیخان نوسى بوو ده‌رکردو ئێستا له پۆلیسى ده‌ربه‌ندیخان ده‌ستبه‌سه‌ركراون.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه پێنجى ته‌موزى 2021 له ده‌ربه‌ندیخان، ژماره‌یه‌ک له‌و خه‌ڵک و چالاکوانانه‌ى له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رێتى ته‌ندروستیى ده‌ربه‌ندیخانه‌وه سکاڵایان له‌سه‌ر تۆمار کرابوو چونه به‌رده‌م دادوه‌ر.
ئه‌حمه‌د نوری، چالاکوانى کۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى که خۆى له دادگا بوه، به ڕۆژنیوزى راگه‌یاندووه که ئه‌وانه‌ى سکاڵایان له‌سه‌ر تۆمارکراوه، ژماره‌یان 24 که‌سه‌و ده‌بێت هه‌ر جاره‌و هه‌شت که‌سیان بڕۆنه به‌رده‌م دادوه‌ر بۆ لێکوڵینه‌وه، "بێگومان ئه‌م 24 که‌سه به‌پێى ماده‌ى 2ى تایبه‌ت به‌خراپ به‌کارهێنانى ئامێره‌کانى په‌یوه‌ندى سکاڵایان له‌سه‌ر تۆمارکراوه".
هه‌روه‌ها وتیشی:" ئه‌مڕۆ هه‌شت که‌س چونه به‌رده‌م دادوه‌ر، یه‌کێکیان ژن بو، ئازاد کراو، حه‌وت که‌سه‌که‌ى دیکه، پیاون و دادوه‌ر بۆ ماوه‌ى 24 سه‌عات بڕیارى ڕاگرتنى بۆ ده‌رکردون و له ئێستادا له پۆلیسى ده‌ربه‌ندیخان، ده‌ستبه‌سه‌رن".
له چه‌ند ڕۆژى ڕابردوودا، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى ته‌ندروستیى ده‌ربه‌ندیخان، له‌سه‌ر نوسینى کۆمێنت و پۆست له فه‌یسبوک، سکاڵاى له‌سه‌ر 24 که‌س تۆمارکرد به پاساوى ئه‌وه‌ى "سوکایه‌تی"یان پێکردوه.
