داوای ئازادکردنی دەمیرتاش و زیندانیانی سیاسی دەکرێت

2 كاتژمێر لەمەوپێش
پارتی گەلانی یەکسانی و دیموکراسی (پارتی دەم) داوا لە تورکیا دەکات پابەندی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بێت و دەستبەجێ سەڵاحەدین دەمیرتاش و سەرجەم زیندانیانی سیاسی ئازاد بکات. لیژنەی یاسا و مافی مرۆڤی پارتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە بۆ گەڕاندنەوەی متمانە بە پرۆسەی ئاشتی و دەسەڵاتی دادوەری گرنگە.
دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لە 3 بۆنەی جیاوازدا (2018، 2020، و 2025) بڕیاری داوە، کە مافەکانی دەمیرتاش پێشێلکراون و پێویستە ئازاد بکرێت. هەروەها، لیژنەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوروپا لە 17ی ئەیلولدا رایگەیاند، کە هێشتنەوەی دەمیرتاش لە زینداندا پێشێلکاریی ماددەکانی 5 و 18ی پەیماننامەی مافی مرۆڤی ئەوروپایە. لە دوایین بڕیاریدا لە 8ی تەمموزی 2025، دادگای ئەوروپا 3 مانگ مۆڵەتی بە تورکیا داوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە.
دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپە، لە 4ی تشرینی دووەمی 2016ەوە دەستگیرکراون. لە 15ی ئایاری 2024، لە چوارچێوەی "دۆسییەی کۆبانێ"دا، سزای 42 ساڵ زیندان بەسەر دەمیرتاش و 30 ساڵ و 3 مانگ بەسەر یوکسەکداغدا سەپێندرا. ئەم دۆسییەیە پەیوەستە بە خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2014 بۆ پشتیوانی لە رۆژئاوای کوردستان.
لە کۆی 108 کەس کە لەم دۆسییەیەدا دادگایی کراون، بڕیاری ئازادکردن بۆ 5 کەسیان دەرچوو، لەنێویاندا گوڵتان کشاناک و سەباحەت تونجەل. لە ئێستادا دۆسییەکە گواستراوەتەوە بۆ دادگای هەرێمیی ئەنقەرە و لەژێر لێکۆڵینەوەدایە. پارتی دەم داوای ئازادکردنی سەرجەم زیندانیانی ئەم دۆسییەیە و زیندانیانی سیاسیی دیکەش دەکات. هەر ئەمڕۆ لەو بارەیەوە هاوسەرۆکانی پارتی دەم لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس داوایانکرد، بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ بکرێت و دەستبەجێ دەمیرتاش و یوکسەکداغ و سەرجەم سزاداراوانی دۆسییەی کۆبانێ و زیندانیکراوانی سیاسی ئازاد بکرێن.
