هێرشەكەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشکراوەتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا. بەپێی ڤیدیۆکانیش، سیستمی بەرگریی مووشەکیی باڵیۆزخانەکە کەوتووەتەکار.
ئەمەش یەکەمجارە بەمشێوەیە هێرش بکرێتە سەر باڵیۆزخانەکە و یەکەمجاریشە سیستمەکە بەوشێوەیە بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بەرپەرچی هێرشەکە بداتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی گرووپە شیعییەکانی نزیک لە ئێران بڵاویانکردووەتەوە، بە چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشکراوەتە سەر باڵیۆزخانەکە، بەڵام هێشتا حکومەت پشتڕاستی نەکردووەتەوە.
هاوكات وەزارەتی بەرگریی عیراق رایگەیاند، ئەو سەكۆیەیان دۆزیوەتەوە كە سێ مووشەكی لەسەرەوە ئاراستەی بنكەی ئاسمانیی عەین ئەسەد كراوە، كە هێزەكانی ئەمریكا تیایدا جێگیركراوە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق بڵاویكردەوە، هێزە ئەمنییەكان لێكۆڵینەوەكانیان لەبارەی كەوتنەخوارەوەی سێ مووشەك لە بنكەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار دەستپێكرد.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەدراوە، هێزە ئەمنییەكان ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگری جۆری كیا-یان دۆزیوەتەوە كە لە قەزای هیت بەجێهێڵدراوە.
ئەوەش روونكراوەتەوە كە دەركەوتووە ئۆتۆمبێلەكە سەكۆی ئەو مووشەكانەی تیادابووە كە مووشەكەكان لەسەرییەوە ئاراستەكراون.
بنكەی ئاسمانیی عەین ئەسەد دەكەوێتە رۆژئاوای شاری رومادی سەنتەری پارێزگای ئەنبار رۆژئاوای عێراق و یەكێكە لەو بنكانەی كە ژمارەیەك لە سەربازانی ئەمریكا تیایدا جێگیركراون.
پێشتر ئەمریکا هۆشداری دابووە گرووپە شیعییەکان لە هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا، پەیامنێری رووداو باسی لەوە کرد، هۆشدارییەکەی ئەمریکا گەیێندراوەتە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کە هاوکات فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانیشە، بەڵام گرووپە شیعییەکان دووپاتیانکردووەتەوە کە لە هێرشەکانیان بەردەوام دەبن.
