جێگرەكەی حەیدەر عەبادی بەدۆسیەی گەندەڵی دەدرێتە دادگا

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، ساڵح موتڵەگ، جێگری حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق لەگەڵ دوو بەرپرسی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بەهۆی دۆسیەی حەواڵەکردنی 19 ملیار دیناری لیژنەکە؛ بانگهێشتی دادگا کران.

ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ 6ی ته‌مموزی 2021، فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکان لە دەستەی دەستپاکی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "دادگای لێکۆڵینەوە لە کەرخ بەپێی ماددەی (331)ی یاسای سزاکان لە عێراق فەرمانی بانگهێشتکردنی بۆ سەرۆکی پێشووتری لیژنەی باڵای کۆمەککردن و نیشتەجێکردنی ئاوارەکان و دوو بەرپرسی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران دەرکرد؛ بە تۆمەتی حەواڵەکردنی 19 ملیار دیناری لیژنەکە لە دەرەوەی ئەو دەسەڵاتانەی کە پێیان دراون".

هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "وردەکاریی دۆسیەکە بریتییە لە رەزامەندی سەرۆکی پێشووتری لیژنەی باڵای کۆمەککردن و نیشتەجێکردنی ئاوارەکان؛ لەوکاتەی کە جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزارییەکان لەسەر پێشنیازی بریکارێکی وەزیر و بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بۆ حەواڵەکردنی بڕی 19 ملیار دینار بۆ خێزانە ئاوارەکان لە رێگەی کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت؛ بەبێ دەرچوونی بڕیاری لیژنەی باڵای کۆمەککردن و نیشتەجێکردنی ئاوارەکان".

فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکان لە دەستەی دەستپاکی ئاماژە بەوەش دەکات: "پێشتر دەستەکەمان دەرچوونی بڕیاری سزادانی چەند کەسێکی لە دۆسیەی کۆمەککردن و نیشتەجێکردنی ئاوارەکان راگەیاند لەوانە؛ دەرچوونی دوو بڕیاری سزادانی پارێزگاری پێشووتری دیالە، لەگەڵ دوو فەرمانبەری دیوانی پارێزگای نەینەوا لە دۆسیەی واژۆکردنی چەند گرێبەستێک کە گەندەڵییان تێدا کراوە و تایبەت بوون بە کۆمەککردن و نیشتەجێکردنی ئاوارەکان، گوژمەی ئەو گرێبەستانەش گەیشتە 10 ملیار دینار، هەروەها دادگا پێشتر قایمقامی پێشووی سامەڕای بە 6 ساڵ زیندانیکردن سزادا، بەهۆی سەرپێچێکردن لە خەرجکردنی 24 ملیار دینار کە بۆ نەهێشتنی هەژاری و کۆمەککردنی ئاوارەکان تەرخانکرابوون".

لە دەقی ماددەی 331ی یاسای سزاکان لە عێراق هاتووە: هەر فەرمانبەرێک یان راسپێردراوێک بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکێکی گشتیی بە مەبەستەوە سەرپێچی ئەرکەکانی پۆستەکەی بکات؛ یاخود ئەرکێکی پۆستەکەی بەجێنەگەیێنێت بەمەبەستی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندیی کەسێک یان بەمەبەستی سوودگەیاندن بە کەسێک لەسەر حیسابی کەسێکی دیکە یان دەوڵەت، ئەوا بە زیندانیکردن یان بە پێبژاردن؛ یاخود بە هەردووکیان پێکەوە سزادەدرێت.

لە پۆلێنی رێکخراوی نێودەوڵەتی شەفافییەت لە ساڵی 2020 دا عێراق 21ـەم گەندەڵترین وڵات بوو لە ئاستی جیهان، رێکخراوەکە دەڵێ هۆکاری تەشەنەکردنی گەندەڵی لەو وڵاتە دەربازبوونی گەندەڵکارانە لە سزادان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار