ئه‌نجومه‌نى پارێزگا له‌باره‌ى هه‌ڵه‌بجه‌وه بریارێک ده‌رده‌کات

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى رایگه‌یاند، له‌کۆبونه‌وه‌یه‌کى نائاساییدا ده‌نگیدا له‌سه‌ر ته‌واوکردنى رێکاره‌کانى به‌پارێزگابونى هه‌ڵه‌بجه له‌لایه‌ن حکومه‌تى عێراق.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه هه‌شتى ته‌موزى 2021، ئازاد محه‌مه‌د ئه‌مین، سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى له‌کۆنفرانسێکى رۆژنامه‌نوسیدا ئه‌وه‌ى خسته‌روو که ئامانج له‌بڕیاره‌که‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى بۆ ئه‌وه‌یه حکومه‌تى عێراق له‌ڕوى یاساییه‌وه ده‌ستبکات به مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه وه‌ک 19 هه‌مین پارێزگاى عێراق و بودجه و پرۆژه‌ى ستراتیژى بۆ پارێزگاکه جێبه‌جێ بکات.
بڕیاربوو له کۆبونه‌وه‌که‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانیدا پارێزگار و جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ش ئاماده‌بن، به‌ڵام له‌کۆبونه‌وه‌که‌دا ئاماده‌نه‌بون و نوسراوێکیان ئاڕاسته‌ى ئه‌نجومه‌ن کردوه که "ده‌ڵێن ناتوانین ئاماده‌بین".
هه‌روه‌ها سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى وتی، بڕیاره‌که‌ى ئه‌نجومه‌ن پشتیوانیکردنێکى یاسایى گرنگه بۆ هه‌ڵه‌بجه و کارئاسانییه بۆ حکومه‌تى عێراقیش بۆ ئه‌وه‌ى له‌چوارچێوه‌یه‌کى یاساییدا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌ڵه‌بجه‌دا بکات، بۆیه ئاماده‌نه‌بونى پارێزگار و جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه له‌کۆبونه‌وه‌که‌دا "هیچ پاساوێک هه‌ڵناگرێت".
ساڵى 1999 په‌رله‌مانى کوردستان بڕیاریدا قه‌زاکانى (هه‌ڵه‌بجه، رانیه، سۆران و ئاکرێ) بکرێن به پارێزگا و حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى راسپارد رێنمایى و رێکارى پێویستى بۆ جێبه‌جێکردنى بڕیاره ده‌ربکات، دواى 22 ساڵیش به‌سه‌ر بڕیاره‌که‌ى په‌رله‌ماندا ته‌نها بڕیارى به‌پارێزگاکردنى هه‌ڵه‌بجه جێبه‌جێکراوه، که‌تائێستا زۆریک له فه‌رمانگه‌کانى پارێزگا له هه‌ڵه‌بجه‌دا بوونیان نیه.
